هانا ؛ ناوەندی ئاماری ریکخراوەی مافی مرۆڤی هانا ، راپۆرتی ئاماری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کورد لە ساڵی ٢٠٢٣ لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە ئەم ڕاپۆرتە شموولی پارێزگاکانی کوردستان ، ئازەربایجانی غەربی ، کرماشان و ئیلام دەکات .
پێویستە تێبینی بکرێت بە سەرنجدان بە نەبوونی رێگای دەستپێڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکانی ناوخۆی وڵات ئەم ئامارە ناتوانیت سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی شارۆمەندان لە خۆ بگرێت هەموو هەوڵی هاوکارانی رێکخراوەی مافی مرۆڤی هانا لەو رێرەوەدایە ئەو پەری وردبینی لە دانانی هەواڵ و پشراستکردنەوەی تەواوی بڵاو کراوەکە کرابێت .
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە یەک ساڵی رابردوو ، زیاتر لە ١٢٤١ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون . ١٩ کەس لەوانە ٣ منداڵ و ژنێک لە درێژەی نارەزاییەکانی ساڵی رابردوو کوژراون . لە یەک ساڵی رابردوو لانیکەم ٧٣ ژن دەستبەسەر کراون . لەم ماوەدا لانیکەم ١٤١ کەس لەسێدارە دراون ، ٣٠٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو و بریندار بوون ، لانیکەم ٥٣ کرێکار لە کاتی کاردا تووشی رووداوی کار بوون و گیانیان لەدەستداوە ، ٢٠ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون ، لانیکەم ٢٠ کەس بە بیانووی ناموسی کوژراون ، ٨٨ کەس لە یەکساڵی رابردوو خۆیان کوشتووە و لە نیهایەتدا ٦ زیندانی بە هۆی ئەشکەنەوە گیانیان لە دەستداوە .
دەستبەسەر کراوان :
لە ساڵی ٢٠٢٣ ، بە تایبەتی لە درێژەی ناڕەزاییەکان و شۆرشی ژن ژیان ئازادی زیاتر لە ١٢٤١ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بێ هیچ جۆرە بەڵگەیکی دادگا و بەڵگەیکی یاسایی دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی ١٠٤١ کەسیان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلمێنراوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ، هاوکاری لەگەڵ ئەحزابی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی ، چالاکیەکانی سنفی ، کرێکاری ، مەدەنی ، چالاکی لە بواری مافی ژنان و ژینگە پارێزی دەستبەسەر کراون . بە پێی ئەم ئامارە لە کۆیی ئەو دەستبەسەر کراوانەی کە ناسنامەیان بۆ هانا سەلمێنراوە ٧٥٧ کەس ، بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و بەشداری لە نارەزاییەکان ، ١٨٥ کەس بە تاوانەکانی سیاسی ، ٤٤ حاڵەت بە تاوانی چالاکی سنفی کە شموولی مامۆستایان ، چالاکانی میدیایی و کرێکاران دەبێت ، ١٢ کەس بە تاوانی چالاکی ئایینی ، ٣٩ کەس چالاکی ژینگە پارێزی ، ٤ کەس چالاکی ژنان .
لە کۆی دەستبەسەر کراوەکان ٧٣ کەس ژن و ٦٩ کەس منداڵن .
سێدارە :
بە پێی ئاماری هانا ، لە ساڵی ٢٠٢٣ ، لانیکەم ١٤١ شارۆمەندی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون یا کوژراون . ناسنامەی ١٣١ زیندانی بۆ هانا سەلمێنراوە . لە یەک ساڵی رابردوو ١٠ زیندانی سیاسی بە تۆمەتی موحاربە ، و هەوڵدان لە دژی ئاسایشی وڵات لە سێدارە دراون . باقی حاڵەتەکانی لە سێدارەدانەکان ، ٦٠ کەس لە پەیوەند لەگەڵ تاوانەکانی مادە هۆشبەرەکان ، ٥٢ کەس بە هۆکاری کوشتنی بەئانقەست ، ٢ کەس بە تاوانی دزی بە زەبری چەک و یەک کەس بە هۆکاری دەسدرێژی سێکسی لە سێدارە دراون .
لە یەک ساڵی رابردوو ٦ زیندانی کورد بە هۆی ئەشکەنجە لە لایەن هێزەکانی حکومەت لە زیندان گیانیان لەدەس داوە.
لیستی ژمارەی لە سێدارە دراوەکان لە شارەکانی کوردستان :
ورمێ | ٢٧ کەس | هەرسین | ١١ کەس | کرماشان | ٩ کەس |
ئیلام | ٩ کەس | سەڵماس | ٨ کەس | کەنگاوەر | ٨ کەس |
بۆکان | ٥ کەس | مەهاباد | ٥ کەس | روانسەر | ٤ کەس |
سەقز | ٤ کەس | سەردەشت | ٤ کەس | سنە | ٤ کەس |
شوت | ٣ کەس | پاوە | ٢ کەس | دێولان | ٢ کەس |
کامیاران | ٢ کەس | سەحنە | ٢ کەس | مەریوان | ٢ کەس |
دیواندەرە | یەک کەس | باقی شارەکان | یەک کەس |
لیستی زیندانیانی کوژراو بە هۆی ئەشکەنجە ،
ورمێ | یەک کەس | رەوانسەر | یەک کەس | سەردەشت | یەک کەس |
پیرانشار | یەک کەس | هەرسین | یەک کەس | بۆکان | یەک کەس |
ژنان :
ناسنامە و ژمارەی ژنانی دەستبەسەر کراو لە لە یەک ساڵی ڕابردوودا بۆ رێکخراوی مافی مروڤی هانا سەلمێنراوە ٧٣ کەسە . دەستبەسەر کراوان زۆربەیان بە تاوانەکانی مەدەنی و لە پەیوەند لەگەڵ شۆڕشی ژینا ، چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ ئەحزابی کوردی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی و چالاکی سنفی دەستبەسەر کراون . لە درێژەی شۆڕشی ژینا لە ساڵی ٢٠٢٣ ، ژنێکیش لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیەوە کوژرا .
لە یەک ساڵی رابردوودا بەداخەوە لانیکەم ١٩ ژن بە بیانوویی ناموسی و کێشەی خێزانی لە لایەن بنەماڵەکانیانەوە ، باوک ، برا و هاوسەر کوژراون .
منداڵان :
لە یەک ساڵی ڕابردوودا بە تایبەتی لە درێژەی ڕاپەڕینی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی ٤ منداڵ کوژراون و ٦٩ منداڵ دەستبەسەر کراون . لەم ماوەدا ٦ منداڵیش خۆیان کوشتووە . رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی جۆراوجۆری سەبارەت بە ئازاردانی منداڵان هەم لە لایەن خاوەن کارەکان لە دژی منداڵانی کار و هەم لە نێوان بنەماڵەکاندا بە دەست گەیشتووە کە ڕێژە و ژمارەی ڕاپۆرتەکان جێی نیگەرانین .
هەر وەها ناسنامەی ٣ کەس لەو منداڵانەی کە کوژراون بۆ هانا سەڵمێنراوە .
خۆکوژی :
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هانا لە یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٨٦ کەس لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە . لەم ژمارە ٣٣ کەس لە ڕەگەزی مێ و ٥٣ کەس نێر بوون . زۆربەی خۆکوژیەکان بە هۆکاری کێشەی خێزانی و هەر وەها کێشەی ژیان و کوزەرانەوە بووە .
پێویستە تێبینی بکرێت کە ڕێژەی خۆکوژیەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ ، لە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٥٤٪ کەمی کردووە .
کێشە کۆمەڵایەتیەکان :
لە یەک ساڵی ڕابردوودا ٢٠ کەس بە هۆی قەتڵی ناموسی کوژراون کە ١٩ کەسیان ژن و یەک کەسیشیان پیاو بووە .
تەقینەوەی مین :
بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هانا ، لە ساڵی ٢٠٢٣ لانیکەم ٢٠ شارۆمەند لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و شتی تەقەمەنی بە جێماو لە شەڕی ئێران و عێراق و چێندراو لە لایەن هێزەکانی سنووری کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون . لە کۆی ٢٠ حاڵەتەکەدا ٤ کەس گیانیان لەدەستداوە ، ١٦ کەس بریندار بوون کە دوو کەسیان تووشی کەمئەندامی بوون .
زۆربەی قوربانیانی مینەکان کۆڵبەران ، کاسبکاران و جوتیارانی کورد بوون .
کرێکاران :
بە پێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هانا لە یەکساڵی ڕابردوودا ، لانیکەم ٥٣ کرێکار لە کوردستان بە هۆی ڕووداوی کار و هەروەها نەبوونی ئیمەنی و کەرەستەی پارێزراو لە شوێنی کار گیانیان لە دەستداوە و ژمارەیکی زۆر بریندار بوون . هەروەها لەم ماوەدا ٢٩ کەس لە چالاکانی کرێکاری بە تاوانی چالاکی کرێکاری و سنفی دەستبەسەر کران و ١٥ کەسیان سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێنرا .
ژینگە :
لە ساڵی ٢٠٢٣ ، لانیکەم ٣٩ کەس لە چالاکانی ژینگە پارێزی دەستبەسەر کراون ، ٣ کەس لەم چالاکانە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپێنراوە و ٢ کەسیان لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان بریندار بوون .
زیندان :
بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هانا لە یەک ساڵی ڕابردوودا ، شەش زیندانی کورد لە زیندانەکانی ئێران بە هۆی ئەشکەنجە کران لە لایەن هێزەکانی زیندان و هێزەکانی دەوڵەت لە زینداندا گیانیان بەخت کردووە . هەر وەها لە یەک ساڵی ڕابردوودا ٥ زیندانی لەوانە ژنێک بە هۆی نەبوونی پێداویستی دەرمانی گیانیان لە دەستداوە .
لە ساڵی ٢٠٢٣ دوو زیندانی بە هۆی گوشاری گیانی و دەرونی لە زیندان هەوڵی خۆکوژییان داوە و گیانیان لەدەستداوە . هەر وەها لە یەک ساڵی ڕابردوو ٢٧ بڕگە مانگرتن لە خواردن لە لایەن زیندانیەکانەوە لە زیندان ڕاگەینراوە و تۆمار کراوە .
مامۆستایان و چالاکانی ئایینی :
لە یەک ساڵی رابردوو ١٢ کەس لە مامۆستایان و چالاکانی ئایینی دەستبەسەر کران لەم ژمارە ١٠ کەس لە لایەن دادگای تایبەت بە رۆحیانیەت دادگایی کراون و کۆمەڵێک حوکمیان بۆ دەرچووە بەم شێوەیە :
ئەم ١٠ کەسە لە کۆیدا ٣٨ ساڵ زیندان ، ٣ کەسیان هەر کامە بە ٧٤ قامچی و دوو کەسیان بە دوور خستنەوە و لێسەندنەوەی جل و بەرگ مەحکوم کراون .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١ی ژانویەی ٢٠٢٤
بە کارهێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ڕێگەپێدراوە