هانا ؛ ناوەندی ئاماری ریکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، راپۆرتی ئاماری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کورد لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە ئەم ڕاپۆرتە شموولی پارێزگاکانی کوردستان ، ئازەربایجانی غەربی(ورمێ) ، کرماشان و ئیلام دەکات ، بە سەرنجدان بە نەبوونی رێگای دەستپێڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکانی ناوخۆی وڵات ئەم ئامارە ناتوانیت سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی شارۆمەندان لە خۆ بگرێت هەموو هەوڵی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەو رێرەوەدایە ئەو پەری وردبینی لە دانانی هەواڵ و پشراستکردنەوەی تەواوی بڵاو کراوەکە کرابێت .
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ زیاتر لە ٣٨٢ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون ، لانیکەم ١٩ ژن دەستبەسەر کراون ، ٦١ بەندکراو بە ٢٠٠ ساڵ بەندکران و ١٨٨ لێدانی قامچی سزا دراون ، لانیکەم ٥٧ بەندکراو لە سێدارە دراون ، ٢٧١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو و بریندار بوون ، لانیکەم ٢٠ کرێکار لە کاتی کار کردندا تووشی ڕووداوی کار بوون و گیانیان لەدەستداوە ، ٨ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراون و بریندار بوون ، لانیکەم ٧ ژن بە بیانوویی بەرگری لە ناموس کوژراون ، ٨١ شارۆمەند لە شەش مانگی ڕابردوودا خۆیان کوشتووە و ٢ بەندکراو لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەستداوە و چالاکێکی سیاسی لە شاری سلێمانی تیرۆر کراوە .
دەستبەسەر کردنەکان :
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ، زیاتی لە ٣٨٢ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەبێ هیچ جۆرە بڕیارێکی دەستبەسەر کردن لە لایەن دادگاوە دەستبەسەر کراون . ناسنامەی سەرجەم دەستبەسەر کراوان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلمێنراوە کە زۆربەیان پێشتر بە تۆمەتەکانی چالاکی سیاسی ، هاوکاری لەگەڵ حزبەکانی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی ، چالاکی سنفی ، کرێکاری ، مەدەنی ، چالاکی بواری ژنان و چالاکی ژینگەیی دەستبەسەر کراون . بە پێی ئەم ئامارە لە کۆی دەستبەسەر کراوان ١٩ کەسیان ژنن . هەروها ١٨ کەسیان کۆڵبەرن ، ٩ کەس لەوانە مامۆستایەکی ئایینی کورد بە تۆمەتی چالاکی ئایینی ، ٣ کەسی چالاکی ژینگە پارێزی ، لە نێو دەستبەسەر کراوەکاندان .
لە شەش مانگی ڕابردوودا ٤ شارۆمەندی کورد لە کاتی دەستبەسەر کرانیاندا لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەستداوە . میهران ئەکرەمی خەڵکی تیکاب ، پەیمان عەبدی خەڵکی کرماشان ، شاهین گەلەداری خەڵکی ورمێ و بەرزین حەمزەزادە خەڵکی سەردەشت بە هۆی ئەشکەنجە کران لە بەندیخانە گیانیان لە دەستداوە .
٦ بەندکراوی سیاسی بە تاوانی مفسد فی الارض بە لە سێدارەدان سزا دراون . ناسنامەی ئەم شارۆمەندانە بریتین لە : شاهین وەساف خەڵکی سەڵماس ، یوسف ئەحمەدی خەڵکی بانە ، محەممەد خزرنژاد ، محەممەد فەرەجی ، کامران سوڵتانی و رەئوف سێخ مەعروفی خەڵکی بۆکان .
٦١ بەندکراو لە شەش مانگی ڕابردوودا سزای ٢٠٠ ساڵ بەندکران و لێدانی ١٨٨ قامچییان بە سەردا سەپێنراوە .
لەم ماوەیەدا ٨ حاڵەتی مانگرتن لە خواردن لە لایەن بەندکراوانەوە ڕاگەینراوە هەروەها بەندکراوێک بە ناوی کیانوش وەلەدبەیگی خەڵکی پاوە بە هۆی نەخۆشی لە بەندیخانە گیانی لەدەستداوە .
سێدارە :
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا ، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٥٧ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون .
ناسنامەی سەرجەمی ئەم شارۆمەندانە بۆ هانا سەلمێنراوە و تۆمار کراوە کە وردەکاری تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەم شێوەیە :
لە سێدارەدان بە تاوانی پەیوەندیدار بە مادەهۆشبەرەکان ٣٢ کەس
لە سێدارەدان بە تاوانی کوشتنی بە ئانقەست ١٣ کەس
لە سێدارەدان بە تاوانی موحاربە و تاوانی سیاسی ٧ کەس
لە سێدارەدان بە تاوانی دزی بە چەک ٥ کەس
کوژران لە ژێر ئەشکەنجەدا لە لایەن کارمەندانی بەندیخانەوە ٢ کەس
لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٤ ، بە گشتی ٧ بەندکراوی سیاسی لە سێدارە دراون . موحسێن مەزڵووم ، وەفا ئازەربار ، محەممەد فەرامەرزی و پژمان فاتحی لە ئەندامانی حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران بە تاوانی چالاکی سیاسی و خسرەو بشارەت ، فەرهاد سەلیمی و ئەنوەر خزری بە تاوانی چالاکی ئایینی لە سێدارە دراون .
کۆڵبەران :
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بە گشتی ٢٧١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو ، بریندار و دەستبەسەر کراون .
سەجەم کوژراو و برینداران لە بواری ڕەگەزیەوە نێرینەن .
بە پێی ئەم ئامارە لە کۆی ٢٧١ کۆڵبەر ، ٣٥ کەس کوژراون ، ٢١٨ کۆڵبەر بریندار بوون و ١٨ کۆڵبەریش دەستبەسەر کراون .
وردەکاری زیاتری ئەم ئامارە لە خوارەوە باس دەکرێت :
لە کۆی ٣٥ کۆڵبەری کوژراو ، ٢٦ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون ، ٧ کۆڵبەر بە هۆی ڕووداوی سروشتی گیانیان لە دەستداوە و ٢ کۆڵبەریش بە هۆی ڕاوەدوونان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بە ئۆتۆمبێل تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و گیانیان لە دەستداوە .
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ، ٢١٨ کۆڵبەر بریندار بوون ، لەم ژمارە ١٧٩ کەس بە هۆی تەقە و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی بریندار بوون ، ١٣ کەس بە هۆی ڕووداوی سروشتی بریندار بوون ، ١٣ کەس بە لێدان و ئەشکەنجە کران لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بریندار بوون ، ٩ کەس لە ئاکامی ڕاوەدوونان بە ئۆتۆمبێل توشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و بریندار بوون و ٤ کۆڵبەریش بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون .
لە شەش مانگی ڕابردوودا ١٨ کۆڵبەریش لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کراون .
شایانی باسە ناسنامەی سەرجەمی ئەو کۆڵبەرانەی لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان پێ کراوە لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تۆمار کراوە .
زۆرتری ئاماری زیانەکانی کۆڵبەران (کوژراو بریندار) لە یەک ساڵی ڕابردوودا پەیوەستە بەم شار و ئاواییانەی کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ کراوە :
پاوە | ٤٥ کەس | سەقز | ٤٣ کەس | بانە | ٣٢ کەس |
مەریوان | ٢٩ کەس | جوانرۆ | ٢٨ کەس | سەلاسی باواجانی | ١٩ کەس |
سەردەشت | ١٩ کەس | سنە | ١٥ کەس | سەوڵاوا | ٩ کەس |
رەوانسەر | ٦ کەس | داڵاهۆ | ٦ کەس | دیواندەرە | ٦ کەس |
پیرانشار | ٤ کەس | کامێران | ٤ کەس | بۆکان | ٣ کەس |
سەڵماس | ١ کەس | ورمێ | ١ کەس | سەرپێل زەهاو | ١ کەس |
دێولان | ١ کەس | مەهاباد | ١ کەس | تیکاب | ١ کەس |
ژنان :
ژمارەی ژنانی دەستبەسەر کراو لە شەش مانگی ڕابردوودا کە ناسنامەیان بۆ هانا سەلمێنراوە ١٩ کەسە . زۆربەی دەستبەسەر کراوان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و لە پەیوەند لەگەڵ شؤڕشی ژینا ، چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزبەکانی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی و چالاکی سنفی دەستبەسەر کراون . هەروەها ژنێک بە لێدانی ٧٤ قامچی سزا دراوە . لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٤ بە داخەوە ٧ ژن بە هۆکاری ناموسی و کێشەی خێزانی لە لایەن کەسوکارەکانیانەوە وەکوو باوک ، برا و هاوسەرەکانیانەوە کوژراون .
خۆکوشتن :
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هانا لە شەش مانگی ڕابردوو لانیکەم ٨١ کەس لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە . ناسنامەی سەرجەمی ئەم شارۆمەندانە بۆ ها سەلمێنراو و تۆمار کراوە . لە کۆی ئەو کەسانەی خۆیان کوشتووە ٤٩ کەسیان پیاو و ٣٢ کەسیان ژن بوون . لەم ماوەیەدا منداڵێکیش خۆی کوشووە ، هەروەها سەربازێک لە سەربازگە خۆی کوشتووە . شارۆمەندێکی خەڵکی سنە کە دکتۆرای لە بواری فەلسەفەی هونەردا بووە لە دوای دەرکردنی لە زانکۆ خۆی کوشتووە . زۆربەی خۆکوژییەکان بە هۆی کێشەی خێزانی ، هەژاری و بەشێکیشیان بە هۆکاری نادیارەوە بووە .
کێشە کۆمەڵایەتیەکان
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٧ ژن لە پارێزگاکانی کوردستان بە هۆکاری ناموسی کوژراون . بە داخەوە ژن کوژی لە سەرانسەری ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان بەردەوامە و درێژەی هەیە .
تەقینەوەی مین
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هانا ، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٨ شارۆمەند لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماو لە شەڕی ئێران و عێراق و هەروەها مینە چێندراوەکان لە لایەن هێزەکانیکۆماری ئیسلامیەوە کوژراو و بریندار بوون . لەم ژمارە ٤ کەسیان گیانیان لە دەستداوە و ٤ کەسیش بریندار بوون کە یەکێک لە بریندارەکان کەم ئەندام بووە . زۆربەی قوربانیەکانی مینەکان کۆڵبەران ، کاسبکاران و جوتیارانی کورد بوون .
کرێکاران :
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامری هانا لە شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٢٠ کرێکار لە کوردستان بە هۆی ڕووداوی کار و هەروەها نەبوونی کەرستەی پارێزراو و ستاندارد لە شوێنی کار گیانیان لە دەستداوە و ژمارەیەکی زۆر بریندار بوون . هەروەها لەم ماوەیەدا ٣ کەس لە چالاکانی کرێکاری بە تاوانی چالاکی سنفی و کرێکاری دەستبەسەر کراون .
ژینگە :
لە شەش مانگی ڕابردوودا ، لانیکەم ٣ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراون .
مامۆستایانی ئایینی و چالاکانی ئایینی :
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٩ کەس لە مامۆستایان و چالاکانی ئایینی دەستبەسەر کراون . یەکێک لەم مامۆستایانە بە ناوی محەممەد خزرنژاد خەڵکی بۆکان بە ١٦ ساڵ بەندکران و سێدارە سزا دراوە و یەکێکیتر بە ٧ ساڵ بەندکران سزا دراوە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١٥ی جولای ٢٠٢٤
بە کارهێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ئازادە