هانا: ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەگەڵ کۆتایی هاتنی هەموو مانگێک ئاماری بەشە جۆراوجۆرەکانی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بڵاودەکاتەوە. ئەم ئامارە بە هەوڵی هاوکارانی هانا ئامادە کراوە.
ناوەندی مافی مرۆڤی هانا، لەم بەشەدا ئاماری کۆڵبەرانی قوربانی لە ناوچە و پارێزگاکانی کوردستان لە مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢دا بڵاودەکاتەوە.
لە مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢دا لانیکەم ١٧ شارۆمەندی کورد لە کاتی کۆڵبەریدا کوژراون و بریندار بوون.
هەموو ئەم کۆڵبەرانەی گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون لە رەگەزی نێرینەن.
لە کۆی ئەم ١٧ کەسە، پێنج (٥) کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێک لەوانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران پێکراوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە. هەروەها کەسێکیش بە هۆی رووداوی رێگاوبان گیانی لەدەستداوە و ٣ کەسیش بە هۆی سەرماوسۆڵەوە لە ژێر بەفردا ماونەوە و لە ئاکامدا گیانیان لەدەستداوە.
لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا دوازدە (١٢) کەس لە کۆڵبەران بریندار بوون کە ٨ کەس لەوانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بریندار بوون و ٢ کەسیش بە هۆی تەقەینەوەی مین بریندار بوون و کەسێکیش بە هۆی رووداوی سروشتی.
دیاردەی کۆڵبەری ئاکامی هەژاری و بێکاری و هەڵاواردنی سیستماتیک لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە کوردستانە و خەڵک لە رووی ناچارییەوە و بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان پەنا بۆ کۆڵبەری دەبەن. بەرپرسانی حکومەتی ئێران نەتەنیا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری بنەڕەتی و دابین کردنی بەڕێچوونی خەڵکی کوردستان نادەن بەڵکوو کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانیان کردووەتە هەواڵی ئاسایی رۆژانەی راگەیاندنەکان (هەڵبەت لەلایەن راگەیاندنەکانی حکومەت و ئێرانەوە بایکوت کراوە و نایانەوێ رەنگبداوتەوە). ئێستا هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران، ئینتزامی و هێزە چەکدارەکانی سەر سنوور دەستیان بۆ کوشتاری کۆڵبەران ئاواڵە کراوە. ئاسایی بوونەوەی کوشتاری خەڵکی کورد لەلایەکەوە پێشێلکاری ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و لەلایەکی دیکەشەوە مەترسییەکی گەورە و دڵتەزێنە بۆ کوردستان کە چۆن کوشتنی مرۆڤ دەبێ ئاوا ئاسایی بێتەوە و هیچ کاردانەوەیەکی نەبێ.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١ی فێبرواری ٢٠٢٢