ئەوەی لەبەردەستاندایە، راپۆرتی مانگانەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانایە لە سەر خۆکوژی لە کوردستانی ئێران لە مانگی مەی ٢٠٢١دا کە بە هەوڵی بەشی ئاماری رێکخراوی هانا ئامادە کراوە. جێگای ئاماژەیە، بە هۆی نەبوونی ئازادی هەڵسووڕانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم ئامارە هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە خۆ ناگرێ بەڵام هاوکارانی ئێمە لە رێکخراوی هانا هەموو هەوڵی خۆیان بۆ تۆمار کردنی راپۆرتەکان داوە.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا لە ناوخۆی کوردستانی ئیرانەوە، لە سەرەتای مانگی مەی تا کۆتایی، ١٥ کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و بەم پێیە بە بەراورد لەگەڵ مانگی رابردوودا ژمارەکەی کەم و زیادی نەکردووە. لەم ژمارەیە ٧ کەسیان ژن و ٨ کەسیشیان پیاو بوون.
ئەم ١٥ کەسە بەپێی دابەشکاری لە سەر ئاستی پارێزگاکانی کوردستان بەم جۆرەی خوارەوەیە:
پارێزگای کوردستان ٥ کەس، لەوانە ١ ژن و ٤ پیاو.
پارێزگای ورمێ ٩ کەس، ٥ کەس ژن و ٤ پیاو.
پارێزگای ئیلام ١ کەس کە ژن بووە.
لە هەموو کۆمەڵگا و وڵاتەکاندا، دەسەڵات و حکومەتەکان ئەرکی سەر شانیانە هەلومەرجێکی سەرەتایی بۆ ژیانێکی ئارامی شارۆمەندان پێکبێنن کە سڵامەت و تەندروستی و ئەمنییەتی دەروونی، گیانی و کۆمەڵایەتییان پارێزراو بێ. ئەمە لە حاڵێکدایە هیچکام لەم هەلانە بۆ شارۆمەندانی ئێران و بەتایبەت پارێزگاکانی کوردستان و خەڵکی کورد، نەڕەخساوە کە بەداخەوە ئاکامەکەی بووەتە گیروگرفت و کێشەی روحی و دەروونی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا و ئەمەش بە شێوەی جواراوجۆر و لەوانە خۆکوژی رەنگدەداتەوە و خۆی دەردەخا.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا