راپۆرتێک لە سەر بارودۆخی ٦ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانەی کوردستان 

 رۆژی سێشەممە ٥ی ڕەشەمەی ٩٩ بەرامبەر بە ٢٣ی فێبرواری ٢٠٢١ “دانا سەمەدی” و “کاروان مینوویی” بە دانانی ٢٠٠ میلیۆن تمەن بارمتە بۆ ماوەیەکی کاتی لە گرتووخانە ئازاد کران. 

"کاروان مینوویی" ٢٠ی بەفرانبار و دانا سەمەدی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٩ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مەریوان گیرابوون و بۆ گرتووخانەی سنە راگوێزرابوون، دوێنێ سێشەممە ٥ی رەشەممە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران. 
"سالار رەهەوی" خەڵکی مهاباد رۆژی دووشەممە ٤ی رەشەمە ٩٩ بەرامبەر بە ٢٢ی فێبرواری لە گرتووخانەی مهاباد بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. 
لە راپۆرتێکی تردا سەبارەت بە بارودۆخی دەسبەسەرکراوەکانی چەند رۆژی رابردوودا هاتووە: "ئەفشین ئیلاهی" خەڵکی سەقز لە گرتووخانەی سنە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. 
رۆژی دووشەممە ٤ی رەشەمەی ٩٩ بەرامبەری ٢٢ی فێبرواری "شوان پشتوار" کوڕی عەبدوڵڕەحمان تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی نەغەدە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا. 
هەروەها بە پێی راپۆرتێک کە بە دەستمان گەیشتووە دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی داوای پارەی زۆریان وەک بارمتە بۆ ئازاد کردنی "زانیار موعتەمیدی" خەڵکی مەریوان کردووە و سەرئەنجام ناوبراویش بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد بووە. 
شایانی باسە هەموو ئەو دەستبەسەرکراوانە بە بێ نامەی دادگا یا داواکاری گشتی گیرابوون و بۆ ئازاد بوونیشیان بە شێوەی کاتی هەر کامیان زیاتر لە ٢٠٠ میلیۆن تمەنیان وەک بارمتە داناوە. 

RELATED ARTICLES

Most Popular