راپۆرتی مانگی فێبرواری ٢٠٢١ی زایینی لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان

چاوخشانێکی کورت بە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە مانگی فێبرواری ٢٠٢١ی زایینی لە کوردستانی رۆژهەڵات.

ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە راپۆرتێکی کورتی "تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران"ە لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە مانگی فێبرواری ٢٠٢١دا کە بە هەوڵی بەشی ئاماری تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ئامادە کراوە. جێگای خۆیەتی ئاماژە بەمە بکەین، ئەم ئامارە هەموو پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لە خۆ ناگرێ و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئازادی هەڵسووڕانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، بەڵام هاوکارانی تۆڕەکەمان هەموو هەوڵی خۆیان وەگەڕ دەخەن بۆ پێشکەش کردنی زۆرترین راپۆرت  لەم بارەوە و لە قاودانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان. 
پێداچوونەوەیەکی کورت: 
هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی رۆژهەڵات لە مانگی فێبرواریدا (٤٦)رووداو تۆمار کراوە، وەک: کوشتن، خۆکوژی، دەسبەسەر کردن، کۆڵبەران، تەقینەوەی مین، قەتڵی نامووسی و بابەتگەلی تر. 
ئێعدام، کوشتن و دەسبەسەرکردن بە تۆمەتی چالاکی سیاسی (٢٠) روودا. 
بە درێژایی مانگی رابردوو لانیکەم ٢٠ قەتڵ و دەسبەسەر کردن بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لە شارەکانی کوردستانی ئێران تۆمار کراوە کە بەم جۆرەیە: کەسێک بە تۆمەتی هەڵسووڕانی سیاسی لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کوماری ئێسلامییەوە رفێندراوە و کوشتوویانە. ١٣ کەس بە تاوانی چالاکی سیاسی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و ٦ کەسیش لە دادگاکان سزای زیندانیان بە تۆمەتی هەڵسووڕانی سیاسی بە سەردا سەپاوە. 
کۆڵبەران (١٤) رووداو 
لە مانگی فێبرواریدا ١٤ جار پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە بەشی کۆڵبەراندا روویداوە کە لەم ژمارەیە ٦ کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر سەرسنوور کوژراون، ٢ کەسیش بە رووداوی سروشتی گیانیان لەدەستداوە، ١ کەسیش لە کاتی کۆڵبەریدا بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە و ٥ کەسیش بە تەقەی راستەوخۆوەی هێزەکانی سەر سنوور بریندار بوون. 
تەقینەوەی مین (١) رووداو 
لە مانگی فێبرواریدا تەقینەوەیەکی مین روویداوە کە لەم تەقینەوەیەدا کەسێک تووشی لەدەستدانی ئەندامی لەشی بووە. 
خۆکوژی و قەتڵ لە کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا (٩) رووداو  
لە مانگی رابردوودا ٩ رووداوی قەتڵ و خۆکوژی تۆمار کراوە کە لە کۆی ئەم ژمارەیە، ٤ کەسیان خۆکوژی بە هۆکاری کێشەی بنەماڵەیی و هۆکاری تر بووە و ٢ کەسیشیان هۆکارەکەی بۆ ئێمە دەرنەکەوتووە. ١ کەسیان قەتڵی منداڵان بووە و ١ کەسیش قەتڵی ناسراو بە قەتڵی نامووسی و ١ کەسیش بە هۆی هەژاری کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.  
ژینگە (١) رووداو 
بە پێی راپۆرتەکانی تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران، لە مانگی فێبرواری ٢٠٢١دا بە هۆی چالاکی ژینگەپارێزی کەسێک دەسبەسەر کراوە. 
لە کۆتاییدا و کۆی گشتی 
لە سەرجەم ئەم ٤٦ پێشێلکارییەی مافی مرۆڤ لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران، ١٠ رووداویان پێوەندیدارە بە ژنانەوە و ٣٦ رووداویشیان پێوەندی بە پیاوانەوە بووە. 
لە کۆی ئەم ٤٦ رووداوەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ، ١٩ رووداویان لە پارێزگای ئازەرباییجانی رۆژئاوا، ٢٣ رووداویان لە پارێزگای کوردستان (سنە) و ٤ رووداویش لە پارێزگای کرماشان روویداوە. 
تۆڕی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران 

 

 

بۆ بینینی ئامار لە پەڕەیەکی نوێ، کلیک بکە.

RELATED ARTICLES

Most Popular