هانا: هاوکارانی رێکخراو مافی مرۆڤی هانا ئاگاداریان کردین، زانیار مرادی بەندکراوی خەڵکی دیواندەرە، رۆژی پێنجشەممە ٨ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٣٠ی سپتەمبری ٢٠٢١)، لە گرتووخانەی ناوەندە ئەمنییەکان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
زانیار مرادی خەڵکی ئاوایی "کێلە کەوە" لە ناوچەی دیواندەرە رۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لە کاتی کار کردندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە یەکێک لە گەڕەکە تازەکانی دیواندەرە خەریکی کاری بیناسازی بوو کە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە قۆڵبەست و بۆ شوێنێکی نادیار گواستبوویانەوە.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، ناوبراو بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.