کوژران و بریندار بوونی ٢٢ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەر سنوور.
هانا: هاوکات لەگەڵ کۆتایی هەر مانگدا هاوکارانی هانا لە بەشی ئامار، هەوڵ دەدەن ڕێژەی هەر کام لە بەشەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێراندا کۆ بکەنەوە، ئەم ڕێژە و ئامارانە لەوانەیە تەواوی یەکە بە یەکەی پێشێلکارییەکان لە خۆ نەگرێت، لەبەر ئەوەی کە کۆکردنەوە و چاودێری کردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا قەدەغەیە. بەڵام هاوکارانی ئێمە هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین ئامارەکان.
لەم بەشەشدا ئاماری حاڵەتەکانی کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی هەر چوار پارێزگای کوردستانی ئێران بە درێژایی مانگی ژوئەنتان پێشکەش دەکات.
لە ئاکامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە مانگی ژوئەندا لە کوردستانی ئێران ٢٢ شارۆمەندی کورد بوونە قوربانی کە زۆربەیان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامی و ئینتزامییەکان یا سپای پاسدارانەوە روویان داوە.
تەواوی ئەو کەسانەی کە قوربانی بووگن، چ کوژراو و چ بریندار، هەموویان وەکوو لایەنی ڕەگەزی پیاو بوون.
لە باری دابەشکاریی پارێزگاکانەوە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
٨ کەس لە پارێزگای کرماشان
١٠ کەس لە پارێزگای سنە
٤ کەس لە پارێزگای ورمێ
لەو ٢٢ حاڵەتەدا، ١٤ حاڵەتی بریندار و ٨ حاڵەتیش کوژراو هەیە کە لە تەواوی ئەوانەدا ٢٠ حاڵەت بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆ و ٢ حاڵەتیش لە ڕووداوی تردا بووە.
چەندین دەیەیە کە گەلێک لە لاوان و تەنانەت پیر و بەساڵاچووان و ژنانیش لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران بە هۆی کێشە و گرفتی خواردن و نەبوونی هەلی کار، بە ناچاری ڕوو دەکەنە کۆڵبەری کە لە هیچ کام لە چوارچێوەکان و یاساکانی کاردا ناگونجێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە حکوومەت دەتوانێ بە ئاسانترین شێواز و لە کورتترین کاتدا، دنیایێک هەلی کار بۆ ئەو کەسانە دابین بکات.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا