هانا: لێرەدا ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، راپۆرتی خۆی لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشلکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا بڵاودەکاتەوە. پێویستە لیرەدا بوترێ لە هەر جێگایەکی ئەم ئامار و راپۆرتەی “هانا”دا ناوی کوردستان تۆمار کرا، مەبەست پارێزگاکانی کرماشان، ئیلام، سنە و ورمێیە. بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکانی ناوخۆی وڵات، ئەم ئامارە هەموو رووداوەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان لە خۆ ناگرێ بەڵام هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ناوخۆی وڵاتەوە لەم پێوەندییەدا ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ گەیاندنی راپۆرتەکان و لێکۆڵینەوە لە راستەقینە بوونیان دەدەن و پاشانیش بڵاودەکرێتەوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ١٢٦ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون. لەم سێ مانگەدا ١٣ کەس لە سێدارە دراون هەروەها ٦٥ کۆڵبەر کوژراون و بریندار کراون، ١٤ کرێکار لە کاتی کار کردندا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لەدەستداوە، لانیکەم ٧ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون و ٢٠ کەسیش کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بەندکراوان
لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ١٢٦ شارۆمەندی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراون.
ناسنامەی هەموو ئەم کەسانە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاشکرایە و هەموویان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری حزبە کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران، هەروەها چالاکی مەدەنی، ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراون. بەپێی ئەم ئامارە لە کۆی ئەم ١٢٦ کەسە ٥٩ کەسیان بە تاوانی سیاسی، ٥٤ کەس بە هۆی چالاکی مەدەنی، ٣ کەس بە هۆی چالاکی ژینگە، ٣ کەس لە چالاکانی مامۆستایان و خوێندکاران، ٢ کەس لە چالاکانی بوارەکانی ژنان و ٥ کەسیش بە هۆی چالاکی کرێکاری.
سێدارە
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا سێزدە (١٣) شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە ٨ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، ٥ کەسیش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە لە سێدارە دراون.
منداڵان
لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا منداڵێکی ٧ ساڵان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژراوە و ٢ مێرمنداڵ و تازەلاوی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ دەستبەسەر کراون.
کۆڵبەران
لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا بە پشتبەستن بە ئاماری هانا ٦٥ کۆلبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون.
لە کۆی ئەم ٦٥ شارۆمەندە ١١ کەسیان گیانیان لەدەستداوە کە ٣ کەس لەوانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەستداوە. لەم ٣ مانگەدا ٥٤ کۆڵبەر بریندار بوون. لە کۆی ئەو بریندارانە ٢٦ کەسیان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون و ٢٨ کەسیشیان بە هۆی رووداوی رێگاوبان و بەربوونەوە لە هەڵدێری شاخەکان بریندار بوون. زۆربەی ئاماری کۆڵبەرانی کوژراو و بریندار خەڵکی شار و ئاواییەکانی سەر سنوورن.
ژنان
لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٧ شارۆمەندی ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون. لە کۆی ئەم ژمارەیە ٧ کەسە ٤ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، کەسێک بە تۆمەتی چالاکی لە بواری ژناندا و ٢ کەسیش بە هۆکاری سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حزب کوردییەکانی نەیاری حکومەتی ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراون. هەروەها ٢ کەسیش لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەوە بە بیانووی شەرەف و نامووسەوە کوژراون.
خۆکوژی
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هانا، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٢٠ کەس لە شار و ئاواییەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. هۆکاری ئەم خۆکوژییانە دۆخی نالەباری ژیان و بەڕێچوون و کێشەی بنەماڵە بووە.
مین
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هانا، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەم ٧ شارۆمەندی کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون. زۆربەی ئەم قوربانیانە کۆڵبەران، کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون.
کرێکاران
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هانا، لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا لانیکەوم ١٤ کرێکاری کورد بە هۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار و رووداوی شوێنی کار، گیانیان لەدەستداوە و کۆمەڵێکی زۆر بریندار بوون. هەروەها پێنج (٥) چالاکی کرێکاریش دەستبەسەر کراون.
ژینگە
لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا چالاکانی بواری ژینگەش لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێراندا بوون و ٣ کەس لەو شارۆمەندانە دەستبەسەر کراون.
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١ی ئاپریلی ٢٠٢٢
تێبینی: کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە ئاماژە کردنی سەرچاوەکەی ئازادە.