57 شارۆمەندی کورد لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون .
هانا ؛ ناوەندی ئاماری ریکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، راپۆرتی ئاماری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کورد لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە ئەم ڕاپۆرتە شموولی پارێزگاکانی کوردستان ، ئازەربایجانی غەربی(ورمێ) ، کرماشان و ئیلام دەکات ، بە سەرنجدان بە نەبوونی رێگای دەستپێڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکانی ناوخۆی وڵات ئەم ئامارە ناتوانیت سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی شارۆمەندان لە خۆ بگرێت هەموو هەوڵی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەو رێرەوەدایە ئەو پەری وردبینی لە دانانی هەواڵ و پشراستکردنەوەی تەواوی بڵاو کراوەکە کرابێت .
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لەم بەشەدا ئاماری لەسێدارەدانی شارۆمەندانی کورد لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کە لەم ناوەندەدا تۆمار کراوە بڵاو دەکاتەوە .
بە پێی ئەم ئامارە لە شەش مانگی ڕابردوودا بەگشتی ٥٧ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون ناسنامەی سەرجەمی ئەم شارۆمەندانە بۆ هانا سەلمێنراوە و تۆمار کراوە کە وردەکاری سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکرێت :
لە سێدارەدان بە تاوانی پەیوەندیدار بە مادەهۆشبەرەکان ٣٢ کەس
لە سێدارەدان بە تاوانی کوشتنی بە ئانقەست ١٣ کەس
لە سێدارەدان بە تاوانی موحاربە و تاوانی سیاسی ٧ کەس
لە سێدارەدان بە تاوانی دزی بە چەک ٥ کەس
کوژران لە ژێر ئەشکەنجەدا لە لایەن کارمەندانی بەندیخانەوە ٢ کەس
لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٤ ، بە گشتی ٧ بەندکراوی سیاسی لە سێدارە دراون . موحسێن مەزڵووم ، وەفا ئازەربار ، محەممەد فەرامەرزی و پژمان فاتحی لە ئەندامانی حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران بە تاوانی چالاکی سیاسی و خسرەو بشارەت ، فەرهاد سەلیمی و ئەنوەر خزری بە تاوانی چالاکی ئایینی لە سێدارە دراون .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١١ی جولای ٢٠٢٤
بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ئازادە .