ئاماری دۆخی مافی مرۆڤ لە مانگی ژوەنی ٢٠٢٤ ، لە کوردستانی ئێران

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، ڕاپۆرتێکی ئاماری لە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کوردی لە مانگی ژوەنی ٢٠٢٤ لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە .

بە سەرنجدان بە نەبوونی رێگای دەستپێڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ  و رووداوەکانی ناوخۆی وڵات ئەم ئامارە ناتوانیت سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی شارۆمەندان لە خۆ بگرێت هەموو هەوڵی هاوکارانی رێکخراوەی مافی مرۆڤی هانا  لەو رێرەوەدایە  ئەو پەری وردبینی لە دانانی هەواڵ و پشراستکردنەوەی تەواوی بڵاو کراوەکە کرابێت .
بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوەی مافی مرۆڤی هانا ، لە مانگی ژوەنی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٣٤ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون ، ٨ بەندکراو بە ٣٥٣ مانگ بەندکران سزا دراون ، ١٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو ، بریندار و دەستبەسەر کراون ، لانیکەم ١٠ کرێکار لە کاتی کار کردندا توشی ڕووداوی کار بوون و گیانیان لە دەستداوە ، شارۆمەندێک بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراوە و لانیکەم ٣١ کەس خۆیان کوشتووە .

دەستبەسەر کردنەکان :

لە مانگی ژوەنی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٣٤ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بە بێ هیچ بڕیارێکی دەستبەسەر کردن لە لایەن دادگاوە ، بانگ کراون و دەستبەسەر کراون .
ناسنامەی ٣٤ کەس لەم شارۆمەندانە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلمێنراوە کە پێشتر بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی ، چالاکی مەدەنی و ٧ کەس بە تاوانی چالاکی ئایینی دەستبەسەر کراون بە پێی ئەم ئامارە سەرجەم دەستبەسەر کراوان لەم مانگەدا پیاون .

سزاکانی بە ندکراوان :

لە مانگی ژوەنی ٢٠٢٤ ، لانیکەم بۆ ٨ کەس لە بەندکراوان سزای درێژ ماوەی بەندکران و هەروەها جەریمە دەر کراوە کە ئەم ٨ بەندکراوە لە کۆیدا بە ٢٩ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران سزا دراون . لە مانگی ژوەن بەندکراوێک بە زۆرەملێ ڕاگوێزراوە ، بەندکراوێک مانی خواردن گرتووە و ژمارەیەک لە بەندکراوان کێشەی پێڕانەگەیشتن لە بواری دەرمانی و پزیشکیان هەبووە .

کۆڵبەران : 

بە پشتبەستن بە ئاماری هانا لە مانگی ژوەنی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ١٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو ، بریندار و دەستبەسەر کراون . لەم ژمارە ٢ کەسیان هەژیر مەحموود پوور و ئەرکان بالواسە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی  کوژراون و ٨ کۆڵبەریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە بریندار بوون . ناسنامەی سەرجەم بریندارەکان بۆ هانا سەلمێنراوە . دوو کۆڵبەر دەستبەسەر کراون و کۆڵبەرێکیش بە تۆمەتی  سیخوڕی بۆ ئیسرائیل مەحکوم کراوە .

خۆکوژی :

لە مانگی ژوەنی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٣١ کەس لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە . لە نێوان خۆکوژییەکاندا ١٨ کەسیان پیاو و ١٣ کەسیان ژن بوون و یەک کەسیان منداڵی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ بووە .  ئەم خۆکوژییانە زۆرتر بە هۆی کێشەی خێزانی ، هەژاری و بەشێکیشیان بە هۆکاری نادیارەوە بوون . بە پێی ئەم ئامارە ژمارەی خۆکوژییەکان لە مانگی ژوەن بە بەراوەرد لەگەڵ مانگی پێشوو ٢٨٧ لە سەد زیادی کردووە .

کرێکاران : 

لە مانگی ژوەنی ٢٠٢٤ ، ١٠ کرێکار بە هۆی ڕووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەستداوە  ، ٢ کرێکاریش بە ٣ ساڵ بەندکران سزا دراون .

مین:

لە مانگی ژوەن تەقینەوەی مینی بە جێماو لە شەڕی ئێران و عێراق لە سنوورەکان و هەروەها مینە تازە چێندراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لەم ساڵانە بەردەوام قوربانی دەگرێت .  لەم مانگەدا شارۆمەندێک بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراوە .
کێشە کۆمەڵایەتیەکان :

لە مانگی ژوەنی ٢٠٢٤ ، ژن و پیاوێک کوژراون .

ئەنجام :
بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوشتن لە مانگی ژوەن زەنگێکی مەترسیە بۆ کۆمەڵگا. ئەم دیاردە دڵتەزێنە بوونی کێشەی جددی لە کۆمەڵگادا نیشان دەدات ، لە نێوانیاندا دەتوانین ئاماژە بە نەبوونی ئیمکاناتی سەرەتایی ژیان و فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و هەروەها نەبوونی ئاسایشی دەروونی و ژیان بکەین . ئەم هۆکارانە دەستیان داوەتە دەستی یەک بۆ دروستکردنی هەلومەرجێک کە مرۆڤ بەرەو ڕێوشوێنی نائومێدکەری وەک خۆکوشتن دەبات ئەم ئامارانە دەریدەخەن کوردستان پێویستی بە پەلەی بە سەرنج پێدان و کردەوەی جددی لە بوارەکانی ئابوری ، کۆمەڵایەتی و تەندروستی هەیە . حکومەت و رێکخراوە ناحکومیەکان پێویستە بە دانانی پلان و بەرنامەکانی پشتیوانی و ڕاوێژکاری هەوڵ بدەن دۆخی ژیان بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە باش بکرێت و لە ڕوودانی ئەم جۆرە ڕووداوە ناخۆش و دڵتەزێنانە ڕێگری بکرێت .

ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
٤ی جولای ٢٠٢٤

بە کار هێنانی ئەم ئامارانە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ئازادە .
 

RELATED ARTICLES

Most Popular