ئاماری دۆخی مافی مرۆڤ لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤ ، لە کوردستانی ئێران

هانا ؛ ناوەندی ئاماری ریکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، راپۆرتی ئاماری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کورد لە مانگی ژوئیەی ساڵی ٢٠٢٤ لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە ، بە سەرنجدان بە نەبوونی رێگای دەستپێڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکانی ناوخۆی وڵات ئەم ئامارە ناتوانیت سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی شارۆمەندان لەخۆ بگرێت هەموو هەوڵی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەو رێرەوەدایە ئەو پەری وردبینی لە دانانی هەواڵ و پشراستکردنەوەی تەواوی بڵاو کراوەکە کرابێت .

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٥٢ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون ، ٤ بەندکراو بە سێدارە و ٩ بەندکراو بە ١٧١ مانگ بەندکران سزا دراون ، ٦ کەس لە سێدارە دراون ، ٣١ کۆڵبەر و کاسبکاری کوژراو بریندار بوون  ، لانیکەم ٣ کرێکار لە کاتی کاردا توشی ڕووداوی کار بوون و گیانیان لەدەستداوە ، لانیکەم ١٩ کەس خۆیان کوشتووە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و ٣ ژن بوونەتە قوربانی پیاو ساڵاری و کوژراون .

دەستبەسەر کراوان :

لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٥٢ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بێ هیچ جۆرە بڕیارێکی دادگا و بە بێ پێشکەش کرانی بەڵگەی یاسایی بانگ کراون و دەستبەسەر کراون .
ناسنامەی ئەم ٥٢ کەسە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلمێنراوە کە زۆربەیان بە تۆمەتەکانی چالاکی سیاسی ، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی ، چالاکی مەدەنی ، چالاکی ئایینی و ١٠ کەسیشیان بە هۆی چالاکی ژینگە پارێزیەوە دەستبەسەر کراون . بە پێی ئەم ئامارە ٤٨ کەس لە دەستبەسەر کراوان پیاون و ٤ کەسیان ژنن .

سێدارە :

لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٦ شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . لە نێو لە سێدارەدراواندا کامران شێخە بەندکراوی عەقیدەتی بە تۆمەتی موحاربە لە سێدارە درا ، دانیال کازمی نژاد بە تۆمەتی کوشتنی پاسدارێک لە سێدارە درا و ٢ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانگەست لە سێدارە دران و ٢ کەسیش بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە مادەهۆشبەرەکان لە سێدارە دراون .

سزاکانی بەندکراوان :

لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤ ، بۆ ٣ بەندکراوی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی سلێمان ئەدهەمی ، حسێن خەسرەوی و هیوا نوری بە تاوانی پەیوەست بە چالاکی ئایینی سزای بەغی دەرچووە و هەروەها بۆ ژنێک بە ناوی پەخشان عەزیزی بە تاوانی چالاکی میدیایی سزای سێدارە دەرکراوە . لانیکەم بۆ ٩ کەس لە بەنکراوان سزای درێژماوەی بەندکران و هەروەها جەریمە دەرکراوە بۆ ئەم ٩ بەندکراوەیە بە گشتی سزای ١٤ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران دەرکراوە هەروەها لە مانگی ژوئیە بەندکراوێک بە لێدرانی ٧٤ قامچی سزا دراوە ، بەندکراوێکیش بە ناوی عیسا ئیبراهیم زادە هەڵکی شنۆ هەوڵی خۆکوشتنی داوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە .

کۆڵبەران و کاسبکاران :

بە پشتبەستن بە ئاماری هانا ، لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٣١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو و بریندار بوون . لەم ژمارەیە ٨ کەس کوژراون و ٥ کەس لەم کۆڵبەرانە بە ناوەکانی ئەیوب محەمەدی ، کیان زەینی ، ئیحسان نەورۆزی ، نازم سەفەری و ئەسعەد ئەفرنجە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت کوژراون و کۆڵبەرێک بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکانی سنوورەکان کوژراوە ، هەروەها ٢ کاسبکاری کورد بە ناوەکانی رێبوار رەشیدی و رامین خالدی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون . لەم مانگەدا ١٩ کۆڵبەر و ٤ کاسبکاریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی رژێم بریندار بوون .

خۆکوشتن :

لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤ لانیکەم ١٩ کەس لە شار و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە کە لە نێوانیاندا ١٠ کەسیان ژن و ٩ کەسیشیان پیاو بوون . ٤ کەس لەم کەسانە مێر منداڵی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ بوون . یەکێک لەو کەسانەی خۆیان کوشتووە عیسا ئیبراهیم زادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ بووە و هەروەها سەربازێک بە ناوی بارزان خالدی لە خوڕماوا لە کاتی سەربازی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە . ئەم خۆکوژییانە زۆربەی بە هۆکاری کێشەی خێزانی ، هەژاری ، بێکاری و بەشێکیشیان بە هۆکاری نادیارەوە بوون . ئاماری خۆکوشتنەکان لەم مانگانەدا ڕوو لە زیاد بوونن و جێی نیگەرانی جددین .

کرێکاران :

لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٣ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لەدەستداوە . نەبوونی کەرستەی پارێزراو بۆ کرێکاران و کەمترخەمی خاوەن کاران و حکومەت لە هۆکارە سەرەکییەکانی کوژرانی کرێکارانن لە کاتی کار کردندا .

ژینگە پارێزی :

لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤ ، دە کەس لە چالاکانی ژینگە پارێزی لەوانە ژنێک دەستبەسەر کراون . چالاکێکی ژینگە پارێزی بە ناوی ئیسماعیل کەریمی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر لە کامیاران بە سەختی جەستەی سوتا و بە هۆی قورسی برینەکانیەوە و سوتاوی جەستەیەوە گیانی لە دەستدا .

کێشە کۆمەڵایەتیەکان :

لە مانگی ژوئیەی ٢٠٢٤ ، لە شارەکانی سەڵماس ، ئەیوان و سنە سێ ژن بە دەستی باوک ، هاوسەر و کەسوکاریانەوە بە هۆکار و بیانویی ناموسیەوە کوژراون . بە داخەوە ژنکوژی لە ناوچە دواکەوتووەکان لە ڕووی کەلتووریەوە بەردەوام ڕوو دەدات .

ئەنجام :

لەم مانگەشدا دەستبەسەر کردنی هەڕەمەکی و سزای نادادپەروەرانە ، سزای نامرۆڤانەی سێدارە لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و بریندار کردنیان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ، رێژەی بەرزی خۆکوژی بە تایبەتی لە نێو لاوان و مێرمنداڵان جگە لەو کێشە زۆرەی کە خەڵک لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان ڕووبەڕووی دەبنەوە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە سیاسەتە جیاکارییەکانی سەبارەت بە کورد ، نەبوونی گەشەسەندنی ئابووری لە پارێزگاکانی کوردستان و نەبوونی وەبەرهێنان لەو ناوچانە دۆخێکی خوڵقاندووە کە بەشێک لە خەڵک بۆ دەست خستنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کۆڵبەری بکەن ، کارێک پڕ لە مەترسی کە ئەنجامەکەی لە کوشتنی رۆژانەی کۆڵبەراندا دەبینین .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 
٢ی ئوتی ٢٠٢٤ 
بە کار هێنانی ئەم ئامارە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە رێگەپێدراوە .
     
 

RELATED ARTICLES

Most Popular