ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، راپۆڕتێکی ئاماری لە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکاری مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کورد لە مانگی نوامبری ٢٠٢٣ لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە .
بە پێی ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە مانگی نوامبری ٢٠٢٣ لانیکەم ٣٥ شارۆمەندی کورد لەوانە شەش منداڵ دەستبەسەر کراون ، ١١٥ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراو و بریندار بوون ، ٦ کرێکار لە کاتی کاردا تووشی رووداوی شوێنی کار بوون و گیانیان لە دەستداوە ، ١٣ کەس لە سێدارە دراون ، لانیکەم ٣ کەس خۆیان کوشتووە و بە ڕووداوی هاتوچۆ بە هۆی پارێزراو نەبوونی رێگا و بانەکانی کوردستان ٦ کەس گیانیان لە دەستداوە .
دەستبەسەر کردنەکان :
لە مانگی نوامبری ٢٠٢٣ لانیکەم ٣٥ شارۆمەندی کورد لەوانە ٦ منداڵ لە لایەن دامو دەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بێ بەڵگەی یاسایی بێ هیچ جۆرە فەرمانێکی دادگا ، بانگ کراون و دەستبەسەر کراون .
ناسنامەی سەرجەمی دەستبەسەر کراوەکان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلمێنراوە و پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی ، چالاکی ژینگە پارێزی و هەروەها چالاکی مەدەنی و چالاکی ئایینی دەستبەسەر کراون ، بە پێی ئەم ئامارە لە کۆی گشتی دەستبەسەر کراوەکان ٢ کەسیان ژن ، ٢ کرێکار ، مامۆستایکی ئایینی و ٣٠ کەسیشیان چالاکی مەدەنی بوون .
سێدارە :
لە نوامبری ٢٠٢٣ ، سێزدە شارۆمەندی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە سێدارە دراون ، ٢ کەس لە سێدارە دراوەکان سیاسی بوون و بە تاوانی "موحاربە" ، ٤کەس بە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادەهۆشبەرەکان و ٧ کەسیش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست لە سێدارە دراون .
کۆڵبەر :
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا ، لە مانگی نوامبری ٢٠٢٣ ، لانیکەم ١١٥ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون . لەم ژمارەیە ٨ کەس کوژراون کە شەش کەس لە کوژراوکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رژێم گیانیان لە دەستداوە و دوو کەس لەم کۆڵبەرانەش بە هۆی سەرما بردووییەوە گیانیان لەدەستداوە . بە پێی ئەم ئامارە ١٠٣ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکان رژێم بریندار بوون ، ٢ کۆڵبەر بە هۆی رووداوی سروشتی بریندار بوون و ٢ کۆڵبەریش بە هۆی تەقینەوەی مینە چێندراو ەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بریندار بوون .
خۆکوژی :
لە مانگی نوامبری ٢٠٢٣ ، لانیکەم سێ کەس لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە ، لە نێوانیاندا یەک کەسیان ژن و دوو کەسیشیان پیاو بوون . ئەم خۆکوژییانە زۆرتریان بە هۆی کێشەی خێزانی و هەندێکیشیان هۆکارەکانیان نادیارە .
کرێکاران :
لە مانگی نوامبری ٢٠٢٣ ، شەش کرێکار بە هۆی رووداوی شوێنی کارەوە گیانیان لە دەستداوە ، هەروەها ٢چالاکی کرێکاری دەستبەسەر کراون و یەکێک لە چالاکانی کرێکاری بۆ جێبەجێ کرانی سزایەک کە پێدراوە ، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە .
ڕووداوی هاتوچۆ :
خراپی رێگاوبانەکانی کوردستان ، ستاندارد نەبوونی رێگاکان و کوالێتی خواری ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی حکومەت هەموو رۆژێک دەبێتە هۆی گیانلەدەستانی کۆمەڵێک شارۆمەند ، لە مانگی نوامبردا لانیکەم ٦ کەس بە رووداوی هاتوچۆ کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١ی دێسامبری ٢٠٢٣
بە کار هێنان و بڵاو کردنەوەی ئەم ئامارانە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە رێگەپێدراوە .