ناوەندی ئاماری ریکخراوەی مافی مرۆڤی هانا ، راپۆرتی ئاماری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کورد لە مانگی فێوریەی ساڵی ٢٠٢٤ لە کوردستانی ئێران بڵاو دەکاتەوە
بە سەرنجدان بە نەبوونی رێگای دەستپێڕاگەیشتنی ئازادانە بە هەواڵ و رووداوەکانی ناوخۆی وڵات ئەم ئامارە ناتوانیت سەرجەم پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی شارۆمەندان لە خۆ بگرێت هەموو هەوڵی هاوکارانی رێکخراوەی مافی مرۆڤی هانا لەو رێرەوەدایە ئەو پەری وردبینی لە دانانی هەواڵ و پشراستکردنەوەی تەواوی بڵاو کراوەکە کرابێت
بە پێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری رێکخراوەی مافی مرۆڤی هانا ، لە مانگی فێوریەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم شارۆمەندێکی کورد له سێدارە دراوە و شارۆمەندێک لە زیندان بە هۆی ئەشکەنجە گیانی لە دەستداوە ، لانیکەم ٥٩ شارۆمەندی کورد دەستبەسەر کراون ، ٥٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو و بریندار بوون ، کرێکارێک لە کاتی کاردا توشی ڕووداوی کار بووە و گیانی لە دەستداوە و لانیکەم ٨ کەس خۆیان کوشتووە .
دەستبەسەر کران :
لە مانگی فێوریەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٥٩ شارۆمەندی کورد لەوانە ٢ منداڵ لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بەبێ بەڵگەی دادگا ، بانگ کراون و دەستبەسەر کراون .
ناسنامەی ئەم کەسانە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلمێنراوە کە پێشتر بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ، هاوکاری لەگەڵ حزبەکانی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی ، چالاکی مەدەنی و هەر وەها چالاکی ئایینی دەستبەسەر کراون .
بەپێی ئەم ئامارە لە کۆی دەستبەسەر کراوەکان ١٢ کەسیان ژن و ٤٧ کەسیان پیاون .
لە مانگی فێوریە ٢ کەس لە زیندانیەکان لەوانە مامۆستایەکی ئایینی کورد حوکمی مفسد فی الارض و سێدارەیان پێدراوە .
لەم مانگەدا ١٤ کەس لە زیندانییەکان لە کۆدا بە ٣٩٠ مانگ زیندان مەحکوم کراون .
سێدارە :
لە مانگی فێوریەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم شارۆمەندێکی کورد لە زیندانی ئەردەبێڵ لە سێدارە دراوە ، ئەم شارۆمەندە شەش ساڵ لەمەوبەر بە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێنرابوو ، کە سزاکەی لە رێکەوتی ٩ی فێوریە ٢٠٢٤ جێبەجێ کرا . شارۆمەندێکی کوردیش بە ناوی شاهین گەلەداری لە زیندانی ورمێ بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانی لە دەستدا .
کۆڵبەر :
بە پشتبەستن بە ئاماری هانا ، لە مانگی فێوریەی ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٥٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو و بریندار بوون . لەم ژمارەیە ٤ کەس کوژراون ، ٣ کەس لە کوژراوەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت گیانی لە دەستداوە و کۆڵبەرێکیش بە هۆی ڕووداوی سروشتی لە بەفر و سەرما گیانی لەدەستداوە .
بە پێی ئەم ئامارە ٤٧ کۆڵبەریش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت بریندار بوون ٤ کۆڵبەر بە هۆی ڕووداوی سروشتی بریندار وون و ٢ کۆڵبەر بە ڕووداوی هاتوچۆ بە ئۆتۆمبێل لە ئاکامی ڕاوەدوونان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بریندار بوون .
خۆکوژی :
لە مانگی فێوریە ٢٠٢٤ ، لانیکەم ٨ کەس لە شار و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە .
لە نێو ئەم خۆکوژییانەدا ٦ کەسیان ژن و ٢ کەسیان پیاو بوون ، ٣ کەسیشیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە . ئەم خۆکوژییانە زۆربەی بە هۆی کێشەی خێزانی و بەشێکیشیان بە هۆکاری نادیارەوە بووە .
کرێکاران :
لە مانگی فێوریە ٢٠٢٤ ، کرێکارێک بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەستداوە ، هەروەها یەکێک لە چالاکانی کرێکاری بە ٦ ساڵ و ٧ مانگ زیندان مەحکوم کراوە .
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٣ی مارسی ٢٠٢٤
بە کار هێنانی ئەم ئامارانە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ئازادە .