ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، راپۆرتی ئاماری سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێل کرانی مافە بنچینەییەکانی شارۆمەندانی کورد لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ ، لە کوردستانی ئێرانی ئامادە کردووە و بڵاوی دەکاتەوە .
لە سەر بنەمای ئامارە تۆمار کراوەکانی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆژی هانا ، لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ لانیکەم ٣٧ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بانگ کراون و دەستبەسەر کراون ، ٢٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بریندار بوون و کوژراون ، ٣ شارۆمەندی کورد لە سێدارە دراون ، ٧ کرێکار لە کاتی کاردا تووشی رووداوی کار بوون و گیانیان لەدەستداوە ، لانیکەم ٧ کەس خۆیان کوشتووە ، ٤ ژن بە بیانووی نامووسی کوژراون ، ٢ شارۆمەند لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە کوژراون و تەقینەوەی مین بووەتە هۆی کوژرانی شارۆمەندێک .
دەستبەسەر کردنەکان :
لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ ، لانیکەم ٣٧ شارۆمەندی کورد لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی و حوکمی دادگا ، بانگ کراون و دەستبەسەر کراون .
ناسنامەی سرجەم دەستبەسەر کراوەکان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلێمنراوە و پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ، چالاکی مەدەنی ، هاوکاری لەگەڵ حزبە کودستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامی و چالاکی ژینگەپارێزی دەستبەسەر کراون .
بە پێی ئەم ئامارە شەش کەس لە دەستبەسەر کراوەکان لە کۆی حۆکمە پێدراوەکانیاندا ، بە ١٣٧ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکوم کراون . هەروەها لە مانگی ئۆکتۆبر شارۆمەندێک بە سزای لەسێدارەدان مەحکوم کراوە .
سێدارە :
لەم مانگەدا ٣ کەس بە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە دراون ، شایانی باسە یەکێکیان سێیەم منداڵی بنەماڵەیە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە سێدارە دەدرێت .
کاسبکاران و کۆڵبەران :
لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ ، بەگشتی ٢٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون . لەم ژمارە ٢ کۆڵبەر و ٢ کاسبکار بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەت کوژراون و لانیکەم ١٨ کۆڵبەریش بریندار بوون ، سەرجەم کۆڵبەرەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بریندار بوون ، شایانی بیر هێنانەوەیە یەکێک لە کۆڵبەرە بریندارەکان لە حاڵەتی کۆمادایە .
ژنان :
لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ ، ئارمیتا گراوەند تەمەن ١٧ ساڵ پاش ٢٨ رۆژ مانەوە لە کۆما ، لە رۆژی ٢٨ی ئۆکتۆبر گیانی لەدەستدا . لەم مانگەدا ٤ ژن بە هۆکارەکانی ناموسی لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەکانیانەوە کوژراون ، هەروەها ژنێک لە مانگی ئۆکتۆبر خۆی کوشتووە .
خۆکوژی :
لەم مانگەدا ، لانیکەم ٧ کەس لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان خۆیان کوشتووە لە نێوان خۆکوژیەکاندا ٤کەسیان ژن و ٣ کەسیشیان پیاو بوون ، یەکێک لە حاڵەتی خۆکوژیەکان سەربازێک بووە کە لە پادگان خۆی کوشتووە . ئەم خۆکوژییانە زۆربەیان بە هۆی کێشەی خێزانی و بەشێکیشیان بە هۆکاری نادیارەوە بوون .
کرێکاران :
لە مانگی ئۆکتۆبر ، ٧ کرێکار بە هۆی روداوی کارەوە گیانیان لە دەستداوە ، هەروەها دوو چالاکی کرێکاری بە ٤١ مانگ زیندانی تەعزیری و بڕی ٣٤ ملوێن تمەن سزای نەغدی مەحکوم کراون .
مین :
لەمانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ ، تەقینەوەی مینی چێندراو لە لایەن دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامیەوە ، بووە هۆی گیان لەدەستدانی شارۆمەندێکی کورد .
ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆژی هانا
٢ ی نوامبری ٢٠٢٣
بە کارهێنانی ئەم ئامارانە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە رێگە پێدراوە .