ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە درێژەی تۆمارکردنی دۆخی مەیدانی شارەکانی کوردستان لە نێوان پەرەسەندنی کەشی شەڕ و سنووردارکردنی توندی پەیوەندییەکان، بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە کۆکراونەتەوە، ڕاپۆرتی ئێستا سەبارەت بە دۆخی شاری سەقز بڵاودەکاتەوە.
بە پێی زانیارییە مەیدانییەکان، بارودۆخی گشتی شاری سەقز لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ چڕبوونەوەی گوشارە ئابوورییەکان و فراوانبوونی کۆنتڕۆڵە ئەمنییەکان و پەککەوتنی جددی لە ڕەوتی ئاسایی ژیانی شارۆمەندان لە یەک کاتدا بووە. سەرچاوە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە بەشێکی بەرچاو لە چالاکییە ئابوورییەکانی شارەکە وەستاوە و قەیرانێکی بەرفراوان لە بازاڕدا زاڵە، بەجۆرێک کە زۆرێک لە بازرگانییەکان بە کردەوە لە چالاکییە کاریگەرەکان بێبەشن.
لە بواری ئەمنیدا کۆنترۆڵی ڕێگاکانی چوونە ژوورەوە و دەرچوونی شارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە هەر چوار دەروازەی سەرەکی سەقز خاڵی پشکنین دانراون، هەروەها کۆنترۆڵی ئەمنی لەسەر میحوەری ساڵحاوا بەرەو بوکان دانراوە.
هەروەها لە ناوچەی بنکەی پۆلیسەوە تا نزیکەی 100 مەتر بەرەو شار هێزی کۆنتڕۆڵی لێیە. هەروەها خاڵی پشکنینیش جار جار لەسەر ڕێگای بەرەو بانە دادەنرێت و دوای ماوەیەک لادەبرێن.
لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی هانا ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیەکی بەرچاو لە قوربانی مەدەنی هەن. ڕاپۆرتەکان بە تایبەتی لە گەڕەکی بەهارستان و ناوچە نزیکەکان لە هێزە ئەمنییەکانەوە نیگەرانکەرن. بە لەبەرچاوگرتنی سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە پزیشکییەکان، ژمارەی وردی قوربانییەکان تا ئێستا ڕوون نییە.
لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا باری دەروونی شار بە جۆرێک لە چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێی بەردەوامە. سەرچاوه خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن که له کاتی هێرشەکاندا بەشێک له خەڵک ئەم پێشهاتانه وەک نیشانەی گوشاری کاریگەر بۆ سەر پێکهاتەکانی حکومەت دەبینن و به هیوای داهاتوو کاردانەوە دەدەن. لەبەرامبەردا، لە ماوەی نێوان هێرشەکاندا و لەگەڵ گەڕانەوەی هێمنیی ڕێژەیی، دیسانەوە نائومێدی و ساردی لە فەزای گشتیدا دەبینرێت، دۆخێک کە بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ئازادانە خراپتر بووە. بەڵام بە گشتی بەشێکی بەرچاو لە شارۆمەندان هێشتا دیدێکی ئومێدبەخشیان هەیە بۆ لاوازبوونی پێگەی حکومەت لە ئەنجامی پێشهاتەکانی ئێستا.
لە بواری بژێوی ژیاندا نرخی کەلوپەلی سەرەتایی لە سەقز بەردەوامە لە بەرزبوونەوەی بەرچاو. نرخی مریشکی زیندوو گەیشتووەتە نزیکەی 280 هەزار تمەن بۆ هەر کیلۆیەک، نرخی برنجیش بۆ 3 ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە، هەروەها گۆشت بە ئێسکەوە دەگاتە 1.5 ملیۆن تمەن. سەرچاوە ناوخۆییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ماوەیەکی کورتدا نرخی زۆربەی کاڵا سەرەکییەکان نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.
هاوکات پچڕانی سووڕانەوەی پارە و خزمەتگوزارییە بانکییەکان فشاری زیاتری خستۆتە سەر خەڵک. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە لقەکانی بانکی میلی و بانکی سپا کار ناکەن، ئەمەش وایکردووە خەڵک نەتوانن پارەی کاش وەربگرن یان کارتی بانکی بە شێوەیەکی کاریگەر بۆ کڕینی ڕۆژانە بەکاربهێنن.
هەروەها دابینکردنی سووتەمەنی ئەستەمە، هەرچەندە بەنزین لە سەرتاسەری شارەکەدا بەردەستە، بەڵام زیاتر بە نرخی ئازاد دەفرۆشرێت و بەشە فەرمییەکان وڵامدەرەوە نین. بە گوتەی سەرچاوە ناوخۆییەکان، سووتەمەنی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژدا بە ئاسانی دەستدەکەوێت و دوای نزیکەی کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆ، زۆرێک لە پەمپەکان سووتەمەنییان تەواو دەبێت.
لە ڕەهەندی سەربازی و ئەمنیدا، دوای زیان و وێرانکردنی بەشێک لە بنکە سەربازییەکانی سەقز، شێوازی جێگیرکردنی هێزە حکومەتییەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە هێزەکان شوێنەکانی پێشویان بەجێهێشتووە و لە باڵەخانە حکومییەکان جێگیرکراون. هەروەها بوونی هێز لەناو ئۆتۆمبێل و پاسەوانی گەڕۆک لە ناوچە جیاجیاکانی شاردا زیاتر بەدی دەکرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای هۆشداریدان لە بەردەوامیی قەیرانەکانی سەقز، داوای گرنگیدانی بەپەلەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە بارودۆخی خەڵکی سڤیل و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنی ئازادانەی شارۆمەندان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، نەهێشتنی پەککەوتنەکانی دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوە دارایی و دەرمانییەکان و کەمکردنەوەی فشارە ئەمنییەکان لەو شارەدا دەکات. هەروەها هانا نیگەرانی جیددی له سەر جێگیرکردنی هێزی چه کدار له باڵەخانەکانی فەرمانگه و فەزای سیڤیل، که ده توانێت ڕاستەوخۆ ژیانی خەڵک بخاته مه ترسییەوه دەردەبڕێت و ئەم پرۆسەیه به پێچەوانەی پڕەنسیپەکانی پاراستنی شارۆمەندانی سڤیل هەڵدەسەنگێنێت.
