لە 10ی دێسامبری 2023 ، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی یادی حەفتا و پێنجەمین ساڵەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مڕۆڤ (UDHR) دەکاتەوە. بەڵگەنامەیکی گەورە کە مافی تاکەکەسی و مافە بنچینەییەکانی هەموو تاکێک لە خۆدەگرێت. UDHR کە لە لایەن رێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاریس لە 10ی دێسامبری 1948 ڕاگەیەنرا ، نیشاندەری پابەندبوونی مێژوویی بە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ، بە بێ لەبەرچاوگرتنی رەنگ، ئایین، ڕەگەز، سامان، ڕەچەڵەک، نەتەوە و هتد. ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر گرینگی ئەم جاڕنامەیە و کاریگەرییەکانی لە سەر دادپەروەری و یەکسانی لە ئاستی جیهاندا .
پێشینەی مێژوویی :
جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ کە بە زیاتر لە 500 زمان لەبەردەستدایە، گرینگترین بەڵگەنامەی یاساییە لە جیهاندا. ئەم جاڕنامەیە کە لە پاش شەڕی جیهانی دووەم پەسەند کرا، بە ئامانجی دیاریکردنی چوارچێوەیەکی گشتگیر بۆ پشتگیری لە مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان کۆکرایەوە و جێبەجێ کرا .
لە ماوەی دەیەکانی دواتردا، ئەم جاڕنامەیە بۆ پێڕاگەیشتن بە کێشە نوێەکان پەرەی پێدرا و پشتیوانی و پشتگیری لە گروپه لاوازەکان وەکوو کەسانی کەم ئەندام ، خەڵکی خۆجێی و کۆچبەران پەرەپێداوە .
ئێران: دۆخی ئاڵۆزی مافی مرۆڤ لە ئێران بەردەوام هۆکاری نیگەرانی نێودەوڵەتی بووە و ڕاپۆرتەکان و کێشەکانی پەیوەندیدار بە ئازادی ڕادەربڕین، ئازادییە سیاسیەکان و هەڵسوکەوت لەگەڵ کەمایەتیەکان تایبەت دەکەنەوە. سەرەڕای پابەند بوونی ئێران بە UDHR ، بەڵام ڕەفتاری سیاسی حکومەتی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دۆخی مافی مرۆڤ لەم وڵاتەی ئاڵۆز و خراپتر کردووە و کاریگەری کردووەتە سەر بەرەوپێش چوونیان و پێویستە بە سەرنج و گوشار و هەوڵی کۆمەڵگای جیهانی چارەسەر بکرێن .
چارەسەر کردنی ئەو کێشانەی باس کراون پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی و هەوڵی هاوبەشە.
ڕۆڵی رێکخراوە نێو دەوڵەتیەکان ، حکومەتەکان و کۆمەڵگای مەدەنی لە بەرەوپێش بردنی بنەماکانی UDHR لە دۆخی ئاڵۆزی ئێستا و قەیرانەکانی جیهان ، گرینگیەکی زۆری هەیە. بە بەهێز کردنی گفتوگۆ و هاوکاری ، کۆمەڵگای جیهانی دەتوانێت بە کۆمەڵ بەرەو داهاتوویەک هەنگاو بنێت کە تێیدا مافی مرۆڤ نەک تەنیا لە سەر کاغەز بپارێزرێت ، بەڵکوو لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە سەرانسەری جیهان بە شێوەی ڕاستەقینە ڕەنگبداتەوە و بهێنرێتەدی .
کوردستانی ئێران و مافی مرۆڤ :
بە درێژایی مێژوو خەڵکی کوردستانی ئێران ، مافە سەرەتایی و بنچینەییەکانیان لە لایەن حکومەتەکانی ئێرانەوە پێشێلکراوە.
لە سنووردارکردنی کولتووری و زمانەوە بگرە تا جیاوازی و هەڵاواردن بۆ رەخساندنی دەرفەتەکانی فێرکردن و پەروەردە، کار و دامەزراندن جگە لەوە کوردەکان بە شێوەی بەردەوام پەراوێز خراون و سەرکوت کراون .
یەکێک لە گرینگترین پێشێلکاریەکان، سەرکوتی ناسنامەی کەلتووری کوردەکان بووە . دەوڵەتانی حاکمی ئێران خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان و شوێنە فەرمیەکانیان سنووردار کردووە و رێگری کردووە لە باس کردن و ناساندنی کەلەپووری کەلتووری کوردەکان. لەگەڵ ئەوانەش کوردەکان لە بواری سیاسیەوە سەرکوت کراون کە زۆرتر بە هۆی بەرگری لە مافەکان و مافی خۆرێکخستنی خۆیان لە ناو ئێراندا کراونەتە ئامانج. لە ماوەی ئەم چوار دەیەدا پێشێلکرانی مافی سیاسی ، کۆمەڵایەتی ، کەلتووری و شارۆمەندی کوردەکان زۆرتر زەق بووەتەوە.
لەگەڵ ئەمەش، ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بە کوشتاری ناڕازییان و خەڵکی بێ تاوان، دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجە و کوشتنی چاڵاکان و رۆژنامەوانانی کورد ، بووەتە هۆی نیگەرانیەکی گەورە سەبارەت بە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ. نەبوونی پڕۆسەیەکی لێپرسینەوە و دادگاییەکی دادپەروەر دۆخی مافی کوردەکان دوو هێندە خراپ دەکات و ئەوان لە دادپەروەری بێبەش دەکەن و بەم جۆرە ستەم و هەڵاواردن بە شێوەی سیستماتیک درێژە پێ دەدەن.
جگە لەوانە دەستڕاگەیشتن بە چاوەدێری تەندرووستنی و باقی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان دژوارە.
نەبوونی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ئابووری بووەتە مایەی هەژاری زیاتر و رێگری لە گەشە و هەڵدانی کۆمەڵگا. پێداویستیە سەرەتاییەکان وەکوو ئاوی خاوێن، پێداویستی پاک و خاوێنی و بێهداشتی و دامەزراوەکانی فێرکاری لە کوردستان لە قیاس لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران زۆر کەمە و کوالیتییان زۆر نزمە کە ئەم نایەکسانیە دووهێندە دەکا و دەبێتە رێگری لە بەردەم ئاسایشی گشتی لە کۆمەڵگا. زۆربوونی دیاردەی کۆڵبەری لە کوردستان و بە تایبەت ناوچە سنووریەکانی دراوسێ لەگەڵ عێراق و تورکیا و کوشتاری ڕۆژانەی کۆڵبەران دەرئەنجامی دۆخی خراپی ئابوریە کە بە سەر کوردەکاندا سەپاوەف .
بەردەوامی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان نەک تەنیا رێگری لە گەشە و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵ دەکا، بەڵکوو ملە لەگەڵ بنەماکانی یەکسانی و گشتگیر دەکا کە کۆمەڵگایەکی هەمەجۆر دەبێ پشتیوانی لێ بکات.
رێزگرتن و بە فەرمی ناسینی کولتوورە جۆراوجۆرەکان و ناسنامەکان، بە تایبەت کەلتووری کوردەکان، زامنە بۆ بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایکی دادپەروەرانە و گشتگیر کە مافی هەر تاکێک تێیدا پارێزراو بێ و رێزی لێ بگیرێت.
لە کۆتایدا ئامارێکی تایبەت بە پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان پێشکەش دەکەین .
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە رێکەوتی ١٠ی دێسامبری ٢٠٢٢ تاوەکوو ١٠ی دێسامبری ٢٠٢٣ ، لانیکەم ١١٠ شارۆمەندی کورد لە سێدارەدراون کە ٥ کەسیان بە تاوانی سیاسی و بە حوکمی موحاربە لە سێدارە دراون . لەم یەک ساڵەدا زیاتر لە ٢٥٨ کۆڵبەر کوژراو و بریندار بوون کە ٢٠١ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ئێران بریندار بوون و ١٩ کەسیشیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران کوژراون .
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ١١٤٥ شارۆمەندی کورد داوا کراونە ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەیەکان و دەستبەر کراون و ٢٥ کەسیش لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانی شارۆمەندان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون .
ئەم ئامارە خۆی نیشاندەری پێشێلکرانی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانە . سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە ئامارەکەدا ئەماژەیان پێ کراوە ناسنامەیان بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەلێمنراوە و لە ناوەندی ئاماری ئەم رێکخراوەیە تۆمار کراوە .