ڕاپۆرتێک لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی شانۆگەری هەڵبژاردن لە کوردستان

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی 1402ی هەتاوی، پڕۆسەی بەناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆک کۆماری ئێران لەدوای مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی بەڕێوەچوو کە هەموو هەواڵەکان باس لە بەشداری کەمی خەڵک لەو هەڵبژاردنە و زاڵبوونی کەشێکی ئەمنیەتی توند بەسەر شارەکانی ئێران و بە تایبەت کوردستان دا دەکەن.

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سەرەڕای ئاسانکاری ڕژیم بۆ بەشداری کردنی خەڵک لە پڕۆسەی بەناو هەڵبژاردنەکان وەک دانانی بنکەی گەڕۆک و هەڵگرتنی مۆر لەسەر ناسنامە و …، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بنکەکانی دەنگدان چۆڵ بوون و بەشداری کەمی شارۆمەندانی پێوە دیار بوو. 
هاوکات ڕژیم لە ڕێگای جۆراوجۆری وەک ناردنی کورتەنامە بە ناوی وەزارەتی ناوخۆ و رێبەری کۆماری ئیسلامی تا بانگەواز لە مزگەوتەکانەوە بۆ هاندان و بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردن، هەڕەشە لە هەوارچیەکانی ناوچە شاخاویەکانی کوردستان و بە گشتیی زاڵ کردنی کەشیکی ئەمنیەتی توند و تۆقێنەر بەسەر شارەکانی کوردستان هەوڵی دا خەڵک بەشداری لە شانۆگەری هەڵبژاردن دا بکەن بەڵام لەگەڵ بایکۆتی چالاک و بەرینی خەڵکی کوردستان بەرەوڕوو بوونەوە.
هەواڵەکان لە شاری سنە باس لەوە دەکەن، هێزە ئەمنیەتی و لیباس شەخسیەکان لەئاستی شار و نزیک بنکەکانی دەنگدان بڵاوەیان پێ کراوە و بنکەکانی دەنگەکان لەو شارە بە تەواوی چۆڵ بوون و ئەو ڕێژە کەمەش کە بەشداریان کردووە خەڵکی غەیرە کورد و لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە بۆ بازاڕگەرمی هەڵبژاردن لە بنکەکانی دەنگدانی شاری سنە ئامادە بوون.
خوێندکارانی زانستگای کوردستانیش بە تەواوی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و هەر چەند ڕژیم بە ناردنی سندووقی دەنگدانی گەڕۆک هەوڵی داوە ئاسانکاری بۆ بەشداری خوێندکاران بکات، بەڵام لەگەڵ بایکۆتی چالاکانەی خوێندکاران بەرەوڕوو بۆتەوە.
هەواڵەکان لە شارەکانی: بۆکان، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، شنۆ، بانە، ئیلام و کرماشانیش باس لە جێگیرکردنی هێزە ئەمنیەتیەکان لە ئاستی شار و ئامادەنەبوونی خەڵک لە بنکەکانی دەنگدان دا دەکەن.
لە درێژەی گوشارەکانی ڕژیم، لە چەندین ناوچەی دیکەی ئێران و کوردستانیش لە ڕێگای کورتەنامە و تەلەفۆنەوە هەڕەشە لە مامۆستایان، خوێندکاران و قوتابیانیان کراوە لە ئەگەری بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردن لەمپەر بۆ درێژەی کار و دامەزراندنیان درووست دەکرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، بەشێک لە نوێنەرانی پەڕلەمان و بەرپرسی بنکەی سەرەکی بەربژێرەکانیش لە کاردانەوە بە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان باس لەوە دەکەن ڕێژەی بەشداری خەڵک لەخوارەوە بووە.
پێویستە بوترێ، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لەدوای دەستپێکردنی بانگەشەی شانۆگەری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران، شەپۆلێکی بەرین بۆ بایکۆتی چالاکانەی هەڵبژاردن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەستی پێکرد، لە دایکانی گیانبەختکردووی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیەوە تا بەندکراوانی سیاسی زیندانی ئەوین، حیزب و لایەنە سیاسیەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسی و مەدەنی و ناسراوەکانی ئێران خوازیاری بەشداری نەکردنی خەڵک لە شانۆگەری هەڵبژاردن بوون.

✍: سۆران ئازەربار

RELATED ARTICLES

Most Popular