بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٣ ، لانیکەم ٢٣ شارۆمەندی کورد لە شارەکان و ئاواییەکانی پارێزگاکانی کوردستان هەوڵی خۆکوژییان داوە و کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە .
ئەم ئامارە لە ٩ ژن و ١٤ پیاو پێک هاتووە کە کەمترین تەمەن لە نێوانیاندا ١٣ ساڵە و زۆرترین تەمەنیش ٤٥ ساڵ بووە .
ئەم دیاردە دڵتەزێنە نیشاندەری کێشەی جددیە لە کۆمەڵگا کە لە نێوانیاندا دەکرێت ئاماژە بە نەبوونی پێداویستی سەرەتایی ژیان ، گوشاری ئابووری ، کۆمەڵایەتی و کەلتووری و هەروەها نەبوونی ئەمنییەتی گیانی و دەرونی بکرێت . ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی دۆخێک بۆ کەسەکان درووست بێت کە بێ هیوا بن و بەناچار کۆمەڵێک کار وەکوو خۆکوژی ئەنجام بدەن .
هۆکارەکان :
گوشاری ئابوری : بێکاری و کێشەی دارایی بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژی لەم ناوچەیە دەناسرێت .
کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی : کێشەی خێزانی ، تەڵاق و باقی کێشە کۆمەڵایەتیەکان ڕۆڵێکی گرینگیان لەم خۆکوژییانەدا هەبووە .
نەبوونی پاڵپشتی دەروونی:
نەبوونی ئیمکاناتی ڕاوێژکاری و چارەسەری دەروونی لە ناوچەکانی کوردستان وایکردووە خەڵک نەتوانن ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانە دەرونییەکان بدۆزنەوە کاتێک ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە.
گوشارە کولتوری و کۆمەڵایەتییەکان: چاوەڕوانی و گوشارە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان ، بەتایبەتی لەسەر ژنان ، لە هۆکارە گرنگەکانی دیکەی ئەم خۆکوژیانەیە .
ئەنجام:
ئەم ئامارانە پێویستی بەپەلەی گرنگیدان و کردەوەی جددی لە بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی لە پارێزگاکانی کوردستان نیشان دەدەن. پێویستە حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکان هەوڵبدەن بە دروستکردنی بەرنامەی پشتیوانی و ڕاوێژکاری بارودۆخی ژیان بۆ خەڵکی ئەم هەرێمە باشتر بکەن و لە ڕوودانی ئەم جۆرە ڕووداوە ناخۆشانە رێگری بکەن .