وتاری نوێنەری هانا لە شازدەیەمین کۆبوونەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی پێکهاتە نەتەوەییەکان و هەوڵی نوێنەرانی ئێران بۆ رێگریکردن لە پێشکەشکرانی ئەم وتارە

شازدەیەمین کۆبوونەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی پێکهاتە نەتەوەییەکان لە رۆژانی ٣٠ نوامبر و یەکی دێسامبر لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێف بەرێوە چوو .

 یەکەم کۆبوونەوەی بەرپرسانی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە خوێندنەوەی کۆمەڵێک وتار و راگەیاندن دەستی بە کارەکانی کرد. لەم بەشە لە کۆبوونەوەکەدا هەر کام لەم بەرپرسانەی خوارەوە وتار و ڕاگەیاندنیان پێشکەش کرد: واسڵاڤ باڵک سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، ئێلیزە بڕێندز کەهریس یاریدەدەری سکرتێری گشتی بۆ کاروباری مافی مرۆڤ، کومیساریای ڕێکخراوی ئەمنییەت و هاوکاری ئوروپا بۆ کاروباری نەتەوە کەمینەکان کایرات عەبدولڕحمانۆف، نیکلاس لورات ریپۆرتەر و نێردراوی تایبەت بە کێشەی کەمایەتییەکان و لە کۆتاییشدا بەرپرسانی ئەنجومەن ئێلێنا لازار و پێترا ڕوتێر وتاریان پێشکەش کرد. دواتر پانێلیستەکان سەبارەت بەو بابەتانەی کە پێشتر ڕاگەیەندرابوون قسە و باسی خۆیان کرد و لە درێژەدا نۆرە درا بە نوێنەرانی کەمینە، نەتەوەیی، ڕەگەزی و ئایینییەکان تاکو وتاری خۆیان پێشکەش بکەن. 

شایانی باسە نوێنەرانی ڕێکخراو و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، گوروپە ئیتنیکی و ئایینییەکان لە سەراسەری جیهانەوە بەشدارییان کردبوو و هەروەها لێژنە و نوێنەری زۆربەی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم کۆبوونەوەدا بوون. هەر کام لە گوتاربێژەکان دوو خولەکی کات پێ دەدرا تاکو قسە و باسی خۆیان بکەن. 

لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هاناوە بەڕێزان غەزال موهتەدی و فازڵ وەلیان لەم کۆڕەدا بەشدارییان کردبوو. بەڕێز غەزال موهتەدی وتاری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانای بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کرد. لەم وتارەدا تیشک خرابووە سەر کێشە و گرفتی هەڵاواردنی سیستماتیک کە گەلی کورد لە ئێران بەرەوەڕووی بوونەوە و بە سەریاندا سەپاوە. نوێنەری هانا لە بەشێک لە وتەکانیدا وتی: سپاستان دەکەین بۆ ئەم دەرفەتەی لەم شوێنە بە ئێمەتان داوە تا سەرنجتان ڕابکێشین بۆ دۆخی نالەباری مافەکانی مرۆڤ بە گشتی لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان واتە ناوچە کوردنشینەکان نەک تەنیا پارێزگای کوردستان.
بەر لە هەر شتێک پێویستە ئاماژە بە بابەتێکی زۆر گرینگ بکرێت کە ئەگەر حکومەتەکان ، رێکخراوکانی مافی مرۆڤ و بیر و ڕای گشتی رژێمی کۆماری ئیسلامی وەکوو رژێمێک بناسن کە لەسەر ستوونەکانی جیاکاری ئاشکرا لە دژی گرووپە ئایینی، نەژادی یان نەتەوەییەکان، ژنان و هتد جێگیرە ، لە کوردستان دوو هێندەی سەرجەمی ئەم جیا کاریانە جێبەجێ دەکرێت بۆ نمونە ژنانی کورد کە وەکوو باقی ژنانی ئێران لە زۆرێک لە مەیدان و گۆڕەپانەکانەکانی ژیان لە بنەماڵەدا ، لە شوێنی کاردا ، لە گۆڕەپانی گشتی و تەکەکەسی ڕووبەڕووی یاساکانی جیاکاریەکی بەرچاو دەبنەوە ، لە هەمانکاتیشدا وەکوو ژنی کورد لە جیاکاریەکی دووانی ئازار دەچێژن .

غەزاڵ مۆهتەدی لە درێژەدا ئاماژەی بە شۆڕشی یەک ساڵی رابردوو کرد و گوتی :
لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا و لە جەریانی خۆپێشاندانەکانی ژن ، ژیان ، ئازادی ٧٠٠٠ کەس بە شێوەی هەڕەمەکی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە کوردستان بێ هیچ جۆرە مافێک دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی ٢٧٩٠ کەسیان لەوانەش ٢٩١ ژن لە نێوان دەستبەسەر کراوەکاندا ، تۆمار کراوە .

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا لانیکەم ٥٤٠ کەس لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە لە جەریانی خۆپێشاندانەکاندا کوژراون کە لە نێوانیاندا ١٥٨ کەسیان کورد بوون . زۆرێک لە کوژراوەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەکان گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیان بە لێدانی باتۆن و کەلوپەلی سەرکوت و بەشێکیشیان لە گرتنگەکان لە ژێر ئەشکەنجەدا کرژراون .

بە داخەوە نوێنەری هانا کاتەکەی ئەوندە نەبوو کە بتوانێت فریای باس کردنی سەرجەم ئەو بابەتانەی کە ئامادەی کردبوو بکەوێت ، بە تایبەتیش بە بڕینی قسەکانی لە لایەن شاندی ئێرانەوە کە بۆ سێ جار نوێنەری ئێران داوای لە بەڕێوبەری کۆبوونەوەکە کرد رێگا بە نوێنەری هانا نەدرێت درێژە بە وتارەکەی بدات ناڕەزایی دەربڕینی نوێنەری ئێران کاردانەوەی نوێنەرانی ئەمریکای لێ کەوتەوە و نوێنەری ئەمریکا گوتی : ئەوە دەنگی وڵاتانی ئەندام دووبارە دەکاتەوە و فەرمانە بێ بنەماکان ئەم ئامانجە لاواز دەکەن. بۆیە ئێمە بە توندی داوا لە سەرۆک دەکەین کە دڵنیا بێت لەوەی کە نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان ڕێگەیان پێدەدرێت پەیامەکانیان بە تەواوی و بەبێ هیچ تێکچوونێک بگەیەنن ئەم قسانەی نوێنەری ئەمریکا بە چەپڵەی ئامادە بووان پشیوانی لێکرا .
 

پێویستە تێبینی بکرێت کە نوێنەرانی هانا لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکان ، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوەکان و پێکهاتەکانی دیکەی ئێران و هەروەها بەشێک لە نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجام داوە .      
 

RELATED ARTICLES

Most Popular