تەلەفیزیۆنی ئای تی وی پەردەی لە سەر پلانی تیرۆری دوو پێشکەشکاری تەلەفزیۆنی ئێران ئینتێرنەشناڵ لادا .
بەپێی راپۆرتەکانی ئای تی وی ، سوپای پاسداران لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ پێشنیازی داوە بە قاچاخچیەکی مرۆڤ لە بەرامبەر ٢٠٠ هەزار دۆلار سیما سابت و فەرداد فەرەحزاد پێشکەشکارانی گەورەی ئێران ئینتەرنەشناڵ بە چەقۆ بکوژێت بەڵام بەکرێگیراوەکە سیخوڕی دوولایەنە بوو و ئەم پیلانەی ئاشکرا کرد . سوپای پاسداران ئەم پیلانەی لە نێو سوریاوە هیدایەت دەکرد و کەسێک بە ناوی محەممەد رەزا ئەنساری لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران داڕێژەری پلانەکە بووە .
حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوخۆی وڵات لە رێگای هەڕەشە ، تۆقاندن ، زیندان ، ئەشکەنجە و سانسۆر لە هەوڵدایە دانگی رۆژنامەوانان بخنکێنێت و هەر لەم رێرەوەدا لە دەرەوەی وڵاتیش پلانی تیرۆری رۆژنامەوانان و کەسانی سیاسی دادەڕێژێت و ئەم حاڵەتەش یەکەمجار نیە کە کۆماری ئیسلامی لە رێگای سوپای پاسداران و هێزەمیلیشیاکانیەوە هەوڵی تیرۆر کردن و ڕفاندنی کەسانی سیاسی لە دەرەوەی وڵات بدات لەمبارەوە رژێم پەروەندەی ئەستوور و زۆری هەیە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەگەڵ مەحکوم کردنی پلانی تیرۆری سیما سابت و فەرداد فەرەحزاد ، ئارامگرتنی دەوڵەتەکانی دیمۆکراتیک لە ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ سوپای پاسداران بە زیانی دیموکراسی و ئازادی ڕا دەربڕین دەزانێت و داوا دەکات ناوی سوپای پاسداران بخرێتە لیستی گروپە تیرۆریستیەکانەوە تاوەکوو لەم رێگاوە مەودای چالاکیەکانی ئەم دامودەزگا تیرۆریستیە سنووردار بێت .