دوابەدوای بانگەوازی چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی چالاک لە کوردستانی ئێران و پاڵپشتیی لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان، لە ٢٥ی خەرمانان ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی قەتڵی حکوومەتی ژینا (مەهسا) ئەمینی، مانگرتنی بەربڵاو لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوو . ئەم مانگرتنانە کە دوابەدوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە چەند مانگی ڕابردوودا شکڵی گرت ، ئاماژەن بۆ لە دەستدانی شەرعیەتی کۆماری ئیسلامی لەکوردستان.
لە سەردەمی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ناڕەزایی بەرامبەر بە قەتڵی حکومەتی مەهسا ئەمینی ڕوویدا، شاهیدی سەرکوتی توندی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بووین . بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە خۆپیشاندانەکاندا لانیکەم ١٤٢ شارۆمەندی کورد کوژراون و سەدان کەسیش برینداربوون و هەزاران کەسیش دەستبەسەر کراون.
لەگەڵ نزیک بوونەوە لە دووهەمین ساڵڕۆژی قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە داخستنی ڕێگاکانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی بە بڵاوەپێکردنی هێزی چەکدار لەسەر ڕێگاوبانەکان و بەردانی ئاوی بەنداوی چێراغوەیس بۆ داخستنی ڕێگا لاوەکییەکانەوە نەوەستا ئەم رژێمە هەروەها هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەمینی کرد ئەگەر بڕۆنە سەر مەزاری کچەکەیان دەستبەسەر دەکرێن و کەشێکی ئەمنیەتی لە بەردەم ماڵەکەیاندا درووست کرد و هەوڵیدا بەم کارە پێش بە ئامادەبوونی خزمەکانیان و خەڵک بگرێت . ئەم کردەوانە تەنیا ترسی ڕژیمیان لە ئامادە بوونی خەڵک زیاتر کرد و نەمانی شەرعیەتی ئەم رژێمەی لە کوردستانی زیاتر کرد.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، لە شارەکانی ورمێ، مەهاباد، سەردەشت، شنۆ، بوکان، سەقز، بانە، مەریوان، دیواندەرە، سنە، کامیاران، کرماشان و شارەکانی دیکەی کوردستان، سەرەڕای دەستبەسەرکردنی بەربڵاو و کەشوهەوای توندی ئەمنی هەروەها سەرەڕای هەڕەشەی زۆر لەسەر بازرگانان بە سزادانی نەخدی و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بازرگانی، مانگرتنی بەرفراوان بەڕێوە چوو. ئەم مانگرتنانە نیشاندەری درێژەی داخوازییە بەرحەقەکانی خەڵکی کوردستان و هاوسۆزی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان و بنەماڵەکانی دادخواز و بێناوبانگی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ناوچەیەدا بوو .
سەرەڕای ناسەقامگیری بارودۆخی ئابووری و ژیان، مانگرتنی بازرگانان و کاسبکاران دەرکەوتێکی دیکەی ئامادەیی بەربڵاوی خەڵک بوو لە گۆڕەپانەکەدا، کە کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە نەیتوانی سەرکوت بکات.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣