ڕۆژی سێشەمە ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، لە لایەن “ئەنجومەنی لێکۆڵەرانی ئێران” کۆنفرانسێک لە ژێر ناوی ” مافی ژیان و سزای مردن لە ئێران: ڕۆڵ و بەرپرسیاریەتی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ” لە شاری فلۆرانسی ئیتالیا بە ڕێوە چوو.
سمینارەکە لە دوو بەش پێک هاتبوو، بەیانییەکەی بۆ وتاری فارسی و پاش نیوەڕۆکەی بۆ وتاری ئینگلیسی و ئیتالیایی.
ئامادەبوان وەکوو کەسایەتی و ڕێکخراوی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ؛ ڕاپۆرت و لێکۆڵینەوەی خۆیان خستە بەر دەستی بەڕێوەبەران و ئامادەبوان و جاروباریش ئامادەبوان پرسیار یا تێبینی خۆیان پێشکەش دەکرد.
بەرنامەکە بە ناساندنی کۆنفرانسەکە لە لایەن ئەحمەد ڕەئفەت ڕۆژنامەنووسەوە دەستی پێ کرد.
پاشان حسێن لاجەوەردی وەکوو سەرۆکی ئەنجومەنی لێکۆڵەرانی ئێران کۆنفرانسەکەی دەست پێ کرد.
هەروەها پڕۆفیسۆر محەمەد ئەمیری موقەدەم ڕاپۆرتی ساڵانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.
لە درێژەی بەرنامەکەدا چەندین کەسایەتی و لایەن وتاری خۆیان خستە بەر دیدەی ئامادەبووان .
پاش نیوەڕۆش چەندین کەسایەتی ئیتاڵی وەکوو:
سەرۆکی شۆرای پارێزگای تووسکانی، سەرۆکی شۆرای شاری فلۆرانس و هەروەها پڕۆفیسۆر جاوید ڕەحمان ڕاپۆرتێری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و چەند کەسایەتی دیکە وتاری خۆیان پێشکەش کرد.
شایانی باسە لە پانێلی پێش نیوەڕۆی ئەو کۆنفرانسەدا فازڵ وەلیان نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەی پێشکەش کرد کە بووە جێی سەرنجی ئامادەبوان.
نوێنەری رێکخراوی هانا :
لە دەسپێکدا بە ناو و یادی ژینا و بە ئاواتی تەندروستی و ڕزگاریی ئارمیتا گراوەند ڕاپۆرتەکەی دەست پێ کرد
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی خۆی و بە گۆڕینی هەموو دەسەڵاتەکانی وەکوو حاکمی شەرع و سەرۆکی دەزگای داد و سەرۆک کۆمارییەوە، بەڵام هیچ کات ڕێژەی سێدارە و کوشتارەکانی کەم نەبوە بگرە ئەوساڵ بە نیسبەت ساڵی پار، ئیعدامەکانی بەشی مادە هۆشبەرەکان دووقات زیادی کردووە.
لە درێژەدا خاڵ بە خاڵی ئاماری کوژراو و بریندارەکانی کۆڵبەران و هەروەها ئیعدامەکانی کوردستان کە لە لایەن بەشی ئاماری ڕێکخراوی هانا ئامادە کرابوو پێشکەش کرا.
نوێنەری هانا لەو کۆنفرانسە بۆ سەرنجی باشتری ئامادەبووان ئاماژەی بە لاوی کورد "سامان محەمەدی خەیارە" کرد کە لە قەرەنتینە بوو بۆ ئیعدام و داوای کرد کە لایەنەکان هەوڵ بدەن بۆ ڕزگاری- کە بەداخەوە هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتە ئیعدام کرا.
فازڵ وەلیان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە لاوێکی کوردی دیکە کرد بە ناوی "محەمەد" کە ماوەیەک لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە بازداشت بووە و ئەشکەنجە دراوە ، کە دوو ڕۆژ پێش ئێستا دوای ئەوەی ئازاد دەبێ ، بە شێوەیکی گوماناوی گیانی لەدەست دەدا.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، لە لایەن چەن کەس لە ئامادەبوان پرسیاری ئاراستە کرا، لە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکاندا، نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وتی بۆ سەلماندنی ناسنامە و کەسایەتی ئیعدامیەکان یان هەر کەسێک کە پێشێلکاری بەرامبەری دەکرێ ؛ دەبێ زانیاری لەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییانە وەکوو هانا وەربگیردرێ کە بە شێوەی لۆکاڵ و ناوچەیی کار دەکەن .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣