سێدارە ؛ تاوانێک تێکەڵ بە توندوتیژی و دڕندەیی و جۆرێکی تری کوشتنی بە ئانقەست کە لەڕابردوو تا ئێستا لە زۆرێک لە وڵاتان لەوانە ئەو وڵاتانەی کە سەروەری ئایینی ، فاشیزم و دیکتاتۆری بە پاڵنەرە سیاسی و ئایینی و خوێنخوازی بە شێوەیەکی بەرفراوان جێبەجێ کراوە .
دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٧ هاتە سەر دەسەڵات شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی دژ بە نەیاران ، تاقمە فکری و سیاسی و کەمایەتییە ئایینییە جۆراوجۆرەکان دەستی پێکرا و سێدارە بووە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی سەرکوتکردن لە دەستی دیکتاتۆردا .
دوای شۆڕش و سەرهەڵدانی توندوتیژی و سەرکوتکردنی نەیاران و ناڕازییان ، ئایەتوڵڵا خومەینی ڕێبەری ئەو سەردەمەی کۆماری ئیسلامی لە چەند وتارێکی یەک لە دوای یەکدا بە "کافر و پیلانگێڕ" ناویانی برد و دواجاریش لە ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٥٨دا خومەینی ڕاستەوخۆ فەرمانی جیهادی لە کوردستان دەرکرد .
سادق خەلخاڵی دادوەری شەریعەت و نێردراوی خومەینی لە کوردستان ، بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە ڕووداوەکانی مەریوان و شەڕکردن لەگەڵ پێغەمبەری خودا" بە لەسێدارەدانی ٩ کەس کە دوو کەسیان لە یەک بنەماڵە بوون، لاپەڕەیەکی نوێی لەسێدارەدانی لە کوردستان دەستپێکرد .
لەسێدارەدانەکانی خەلخالی لە دەهەی ٦٠ لە کوردستان زۆرتر لە دادگاکانی ٥ یان ١٠ خولەکی بێ مافی بەرگریکردن لە خۆیان ، پێشکەشکردنی بەڵگە و هەبوونی پارێزەر بە تۆمەتی موحاربە جێبەجێ دەکرا . خالخالی خۆی لەبارەی دادپەروەری لە دادگاکانیدا وتی: خەمی منداڵەکانتان مەخۆن، ئەگەر بێتاوان بن دەچنە بەهەشت .
بەم شێوەیە کۆماری ئیسلامی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی کەڵکی لە سێدارە وەک ئامرازێک وەرگرت و تێچوویەکی بۆیی نەبوو . لە سێدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا هەبووە و بەردەوامیش هەیە ، پێدەچێت ئێران زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدان لە جیهانیدا بەپێوەری ژمارەی دانیشتووانی هەبێ ، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2023دا ئێران زۆرترین ژمارەی لەسێدارەدانی لە جیهاندا ئەنجامداوە و بەم شێوەیەش لە لوتکەی لیستی ئەو وڵاتانەیە کە سزای سێدارەیان تێدا جێبەجێ دەکرێت . لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لەسێدارەدان لە ناوچە نەتەوەییەکان زۆر بەرچاوە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١٧٢ کەس لە بەلوچستان لە سێدارە دراون کە شەش کەسیان ژن بوون . هەروه ها به پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، له ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ تاوەکوو ئۆکتۆبەری٢٠٢٤ ، ١٢٣ کەس له پارێزگاکانی کوردستان له سێداره دراون و لەو ژمارەیەش ١٦ که س به تاوانی موحاربە لە سێدارە دراون . بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە لایەن بنەماڵەی ئەو کەسانەوە کە بە لەسێدارەدان سزا دراون بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە ؛ ئەو زیندانیانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە لە دۆخێکی خراپدان بەجۆرێک کە سەرەتاییترین پێداویستییە سەرەتاییەکانی مرۆڤ وەک دەستڕاگەیشتن بە پێداویستی تەندروستی و دەرمانی ، مافی وەرگرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتن بێبەش کراون . ئەوان تا ئێستاش لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدان ئەمەش ئەو نیگەرانیانە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران زیاتر دەکات .
دوای لەسێدارەدانی چوار چالاکی سیاسی کورد بە ناوەکانی موحسێن مەزڵوم ؛ وەفا ئازەربار ؛ هەژیر فەرامەرزی و پژمان فاتحی کە ڕووبەڕووی شەرمەزارکران و مەحکوم کرانی ئەو کردەوەیە لە لایەن کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی و مەدەنی بووەوە کۆماری ئیسلامی نەک هەر کۆتایی بەو سەرکوتە نەهێنا بەڵکو فراوانتریشی کرد بەجۆرێک کە بە پشتبەستن بە ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە مانگی ئوتی ٢٠٢٤ ، ١٢ شەرۆمەندی کورد لەوانە رەزا رەسایی ناڕازی دەستبەسەر کراو لە لە شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی لە سێدارە دران .ئەم بابەتە جارێکی دیکە زەنگی ئاگادارکردنەوەی سەبارەت بە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لێدا .
سەرەڕای ئەم ڕاپۆرتانە کۆماری ئیسلامی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو ئامارانەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ژمارەی لەسێدارەدانەکان لەم وڵاتەدا بڵاویان کردووەتەوە زیادەڕەوییان تێدا کراوە .
چالاکیی ساڵانەی ڕۆژی جیهانی دژ بە لەسێدارەدان لە ١٠ی ئۆکتۆبەر بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ؛ چالاکانی سیاسی و مەدەنی ؛ سندیکاتەکان ؛ چالاکوانانی سنفی ؛ پارێزەران و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هاوتەریب لەگەڵ نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان بە شێوەی بەیاننامە ؛ چالاکییە یاساییەکان لە کۆڕ و چالاکییە نێودەوڵەتییەکان و چالاکییەکانی بانگەشەکردندا بەڕێوەدەچن .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، وێڕای ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدان ، بە کردەوەیەکی قێزەون و کوشتنی بە ئانقەستی دەوڵەتی ناوی دەبات و وەرگرتنی مافی ژیان لە کەسێک سەرەڕای ئەنجامدانی هەر تاوانێک بە پێچەوانەی ڕێککەوتننامەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانێت کە ئامانجی ڕاستەوخۆی ترساندنی خەڵکی کۆمەڵگایە بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤