هانا: “سوحبەت سەمەدی نەسەب”، کاسبکاری خەڵکی داڵاهۆ کە حەوتووی رابردوو بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئینتزامی بریندار ببوو، رۆژی ١١ی گوڵان بە هۆی کاریی بوونی برینەکانییەوە لە نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان گیانی لەدەستداوە.
هەر وەک پێشتر رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بڵاویکردبۆوە، "سوحبەت سەمەدی نەسەب" بە گومانی ئەوەی کە گۆیا شتومەکی قاچاخی پێیە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٦ی گوڵان لە نزیک داڵاهۆ هێزە ئینتزامییەکان راویان نابوو و لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتدا بریندار ببوو.
شایانی باسە دوای بریندار بوونی ناوبراو، هێزە ئینتزامییەکان تا ٢٤ کاتژمێر رێگەیان نەداوە رەوانەی نەخۆشخانە بکرێ و یارمەتی پزیشکی و دەرمانی فریا بخەن.
بەپێی ئامارەکانی حکومەت رادەی بێکاری و هەژاری لە کوردستان لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە و ئەمەش بەرهەمی سیاسەتی هەڵاواردنی سیستماتیکە لەلایەن حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە هەمبەر کوردستان و رەچاوکردنی جیاوازی بە نیسبەت باقی ناوچەکانی ئێران. ئەم سیاسەتە خەڵکی کوردی خستۆتە بارودۆخێکی زۆر نالەبارەوە و بەم حاڵەشەوە هێزە ئینتزامییەکان و بەڕێوەبەرانی یاسا تەقە لە خەڵکی کاسبکار دەکەن و دیانکوژن.