دوورخستنەوەی حامد دلاوەری، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سەقز بۆ زیندانی ناوەندیی شاری قوروە


هانا: حامد دلاوەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەقز کە زیاتر لە سێ مانگە لە دەستبەسەریدا بەسەر دەبات، بە فەرمانی بەرپرسانی دادوەری لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی قوروە دوورخرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، گواستنەوەی ئەم هاووڵاتییە بۆ زیندانی قوروە بە فەرمانی لێکۆڵەری لقی ٢ی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز ئەنجام دراوە. حامد دلاوەری لە ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سەقز دەستبەسەر کرا و لەم ماوەیەدا لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سەقز و سنە لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەڕێز دلاوەری لە تەواوی ماوەی دەستبەسەریدا لە سەرەتاییترین مافەکانی تۆمەتبار، وەک مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەی تونددا بووە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە لەلایەن ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکانەوە لەبەردەستدا نییە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دوورخستنەوەی بەندکراوان و بێبەشکردنیان لە مافە یاسایییەکان بە نموونەی بەرچاوی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و گوشاری دوو قات بۆ سەر بەندکراو و بنەماڵەکەی دەزانێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین