لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بڵاوکراوەتەوە
چڕبوونەوەی سەرکوتی سیستماتیک لە شارەکانی کوردستان دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی،
بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، سەرکوتی سیستماتیکی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی شارۆمەندانی کورد لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە .
کۆماری ئیسلامی لە ژێر ناوی “نیگەرانی ئاسایشی نەتەوەییدا” بەردەوام بووە لە دەستبەسەر کردن ، لە سێدارەدان، سەرکوتکردنی چالاکوانان و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا .
لەسێدارەدانی ١٢٤ شارۆمەندی کورد لە ساڵی ٢٠٢٤ ؛
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، ئێران لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ١٢٤ شارۆمەندی کوردی لە سێدارە داوە کە بەرزترین ژمارەیە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا . زۆرێک لەو سزایانە بۆ ئەو تاوانانە دەرکراون کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بە “تاوانە جددیەکان” هەژمار ناکرێت .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم لەسێدارەدانانە بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوارچێوەی سەرکوتی سیاسیدا ئەنجام دراون .
توندوتیژی کوشندە بەرامبەر بە کۆلبەران ؛
لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٤١ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانانی سنووری ئێران گیانیان لەدەست داوە و ٢١٦ کەسی دیکەش بریندار بوون . زۆرێک لەو کەسانە بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە تووشی کەمئەندامی هەمیشەیی بوون . ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکوتکردنی کۆلبەران نەک نەوەستاوە بەڵکو چڕتر بووەتەوە .
دەستبەسەر کردنی بەکۆمەڵ و کردەوەی سیستماتیکی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ وەک ئامرازێک بۆ چاندنی ترس لە دژی چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا ؛ لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ٦٤٠ شارۆمەندی کورد بە شێوەی خۆسەرانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون .
بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٦٤٠ شارۆمەندی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و لە زۆر حاڵەتدا تا ئێستا شوێنیان نادیارە . لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە زۆرجار ئەم دەستبەسەر کردنانە بەبێ هیچ فەرمانی دادوەری یان بانگهێشتکردنی پێشوەختە ئەنجامدراون و خێزانەکان فشاریان خراوەتە سەر بۆ ئەوەی خۆیان لە بەدواداچوون بۆ دۆخی ئازیزەکانیان بەدووربگرن .
دادگاییکردنی نادادپەروەرانە ، ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیاسی ، مەترسیی جددی لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی کورد
لە ڕاپۆرتەکەدا چەندین حاڵەتی دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی بەرامبەر زیندانیانی کورد ئاماژەی پێکراوە . لە کەیسەکانی وەک پەخشان عەزیزی و وریشە مورادیدا ئەم چالاکوانە کوردانە بە تۆمەتی جددی لەوان “بەغی” (شۆڕش لە دژی حکومەت) سزا دراون ، کە لەوانەیە ببێتە هۆی لەسێدارەدانیان .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم دادگاییکردنانە زۆر دوور بوون لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و لە ژێر فشاری ئەمنیدا ئەنجامدراون .
هەروەها هانا بەشێک لە ڕاپۆرتەکەی بۆ دوایین پێشهاتەکانی یاسادانان و کاریگەرییەکانی لەسەر مافەکانی مرۆڤ تەرخان کردووە . یاسای نوێی حیجابی زۆرەملێ ؛ هەڕەشەکردن لە ژنان بە حوکمی قورس و تەنانەت لە سێدارەدان
بە پێی ڕاپۆرتەکەی هانا ، یاسای نوێی حیجابی زۆرەملێ لە ئێران کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دەرچووە ، سنووردارکردنی توندتری لە دژی ژنان دروست کردووە و ئەوانی ڕووبەڕووی سزای وەک زیندانیکردن ، قامچی و تەنانەت لە سێدارەدانیشی کردووەتەوە . جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە لە ناوچە کوردنشینەکان بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی نەریتە جیاوازە کولتوورییەکان ، گرژیی زیاتری دروست کردووە و بووەتە هۆی زیادبوونی سەرکوتکردنی ژنانی کورد .
مینە کوشندەکان لە کوردستان؛ ١٠ قوربانی لە ساڵی ٢٠٢٤
ڕاپۆرتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە مینە چێندراوەکان بەردەوام گیانی خەڵکی سڤیل لە کوردستانی ئێران دەسەنێت . لە ساڵی ٢٠٢٤دا بەهۆی تەقینەوەی مینەوە ٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥ کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون . زۆرێک لەو مینانە پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراقن ، بەڵام هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای پاسداران لەم ساڵانەی دواییدا مینی نوێی لە ناوچە سنوورییەکان داناوە .
هەڵاواردنی سیستماتیکی لە بواری پەروەردە ، دامەزراندن و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، منداڵانی کورد لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی خۆیان بێبەش کراون و ڕووبەڕووی هەڵاواردنێکی بەرفراوانی پەروەردەیی دەبنەوە . بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، نەبوونی سەرمایەگوزاری لە ژێرخانی ئابووری و هەژاریی بەربڵاو ئاڵنگارییەکی دیکەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەردەم کورد لە ئێرانن کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی نەداوە .
دەرەنجام : پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤ
و بانگەوازێک بۆ کردەوەی نێودەوڵەتی ، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا بە بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە ، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی دیموکرات کردووە کە فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتاییهێنان بە سەرکوتکردنی گەلی کورد و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەر ئەو تاوانانە .