بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، سێ شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی “ئومید خزرنژاد، ئەحەد خزرنژاد و شوانە خزرنژاد” خەڵکی ئاوایی “گردەبن”ی سەر بە شاری پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکانی سەریان بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزراون.
بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا؛ ئەم سێ شارۆمەندە پێشتر لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردستانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” هەرکامەیان سزای سێ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپێندراوە.
ئەحەد خزرنژاد و شوانە خزرنژاد ڕۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢، لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستبەسەر و ئومید خزرنژادیش ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و دوای کۆتایی هاتنی لپرسینەوە بۆ بەندیخانەی شاری نەغەدە ڕاگوێزرابوون.
شایانی باسە کە ئەم سێ شارۆمەندە دواتر لە رێکەوتی ١٦ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣، هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی دوو ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.
