دوابەدوای بایکۆتی گشتپرسی حکومەتی ئیسلامی تازە دامەزراو لە ئێران لە لایەن خەڵک و حزبە سیاسیەکانی کوردستانەوە و هەروەها شکست خواردنی وتووێژەکانی ئاشتی نێوان “شاندی نوێنەرایەتی خەلقی کورد” و نوێنەرانەی حکومەت بە هۆکاری نەبوونی متمانە و زۆر بوونی هێرشە سەربازیەکانی حکومەت لە شارەکانی کوردستان، ئاگری شەڕ توندتر بوو و حزبەکانی کوردستانیش بە پشتبەستن بە یاسای بەرگری ، ڕووبەڕووی هێزەکانی حکومەت بوونەوە.
خۆڕاگری و باڵادەستی هێزە جەماوەرییەکان لە شەڕە ناهاوسەنگەکان لەگەڵ هێزەکانی حکومەت بووە هۆی ئەوەی لە کورتخایەندا دەسەڵات کۆنترۆڵی کاریگەر بەسەر زۆربەی شارەکانی کوردستاندا لەدەست بدات و هێزە سەربازییەکان بکشێنەوە. لەو کاتەدا ئایەتوڵڵا خومەینی بۆ قەرەبووکردنەوەی شکست و کۆنتڕۆڵی دووبارەی شارەکانی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨، فەرمانی جیهادی لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد.رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە چل و هەشتەمین ساڵڕۆژی ئەم فەتوایەدا لێکۆڵینەوەی یاسایی لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە لە سەر ئەم فیتوای جیهادە ئەنجام دەدات.
شایانی باسە کە سەرەڕای بوونی باس و سەرچاوە سەربازی و سیاسییەکان سەبارەت بە فیتواکەی ئایەتوڵڵا خومەینی ، هێشتا ڕەهەندە یاسایی و مافی مرۆڤییەکانی ئەم فیتوایە و لێکەوتەکانی کە بووە هۆی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە کوردستان، تا ئێستا لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە.
فیتوای جیهادی ئایەتوڵڵا و خومەینی
لە ٢٨ی گەلاوێژ ئایەتوڵڵا خومەینی بە زمانێکی زۆر توند دوای خوێندنی ئایەتی ٢٩ لە سورەی فەتح، ڕایدەگەینێت :
بۆ سەرۆک ئەرکانی ئەرتەش و سەرۆکی ژاندارمری ئیسلامی و سەرۆکی پاسداران فەرمان دەکەم کە بڕیار بدەن بە هێزەکانی نێردراو بۆ ناوچەی کوردستان کە ڕاوەدوویی ئەو ئەشرار و هێرشبەرانەی کە لە حاڵی هەڵاتندان بنێن و دەستبەسەریان بکەن و بەپەلە ڕادەستی دادگایان بکەن و سەرجەم سنوورەکانی ناچەکە دابخەن کە خراپەکاران ڕێگای دەرچوونیان نەبێت و فەرمان دەکەم سەرکردەکانی خراپەکاران بەوپەڕی هێزەوە دەستبەسەر و ڕادەستی دادگا بکەن. لادان لەم بڕیارە سەرپێچی لە ئەرکە و بە توندی لێپێچینەوە دەکرێت.
بە پێی بنەماکانی یاسای ئیسلامی ، قورئان وەک سەرەکیترین سەرچاوەی ئەم یاسایە هەژمار دەکرێت و ئایەی ٢٩ی سورەی فەتحیش بە سەرەکیترین سەرچاوەی قورئانی بۆ دەرکردنی فەرمانی جیهاد دادەنرێت.
بە لە بەرچاوگرتنی پێگەی فیقهی ئایەتوڵڵا خومەینی وەک باڵاترین دەسەڵاتی شوێنکەوتووانی مەزەبی شیعە ، ڕوونە کە بە پشتبەستن بە بنەماکانی فیقهی ڕاگەیاندنەکەی فەتوای جیهاد بووە، کە بە پشتبەستن بە بنەماکانی ئایینی شێعەی دوانزە ئیمامی ، واجبە بۆ هەموو لاساییکەران و شوێنکەوتووانی پەیڕەوی لێبکەن.
لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی فەرماندەکانی ئەوکاتی ئەرکانی هاوبەش ، ژاندامری، سوپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی تر دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هەموو فەرماندەکانی ئەو سەردەمە شوێنکەوتوویی ئایەتوڵڵا خومەینی بوون و هەر بۆیە فەتوای فیقهی خومەینی، بە مانا سەربازییەکەی، فەرمانێک بوو بۆ شەڕی فەرز لە دژی دانیشتووانێک کە تا ڕادەیەکی زۆر مەدەنی بوون.
هێرشی سەربازی سەرتاسەری لەلایەن هێزە سەربازی و نیمچە سەربازییەکانەوە بۆ سەر شارەکانی کوردستان
بەم پێیە سەرجەم هێزە سەربازیەکان لە ناوەند و زۆربەی شارە گەورەکانی ئێرانەوە بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی هێرش دەکەنە سەر کوردستان.بە سەرنجدان بە سنووردار بوونی ئامادە بوونی هەواڵنێرانی سەربەخۆی نێونەتەوەیی لە کاتی پێکدادانەکان، سەرچاوە و بەڵگەنامە بە گوێرەی پێویست بە نسبەت تۆمار کرانی فەرمی تاوانە ئەنجامدراوەکانی هێزەکانی حکومەت بوونی نیە و تا ئێستا بە هۆکاری دژایەتی و ڕێگا نەدانی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ جۆرە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی نێونەتەوەیی لە سەر ئەم تاوانانە ئەنجام نەدراوە.
لەو ڕاپۆرتانەی کە لێکۆڵینەوەی لە سەر تاوانە ئەنجامدراوەکان لە شارەکانی کوردستان کردووە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٠٨ی رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە بەشێک لە شارەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاواییەکانی کوردستان بە هۆکاری هێرشە سەربازیەکانی حکومەت وێران بوون. لێبوردنی نێونەتەوەیی باوەڕی وایە نزیکەی دە هەزار شارۆمەندی کورد لە ئەنجامی ئەم هێرشانە کوژراون. لە چەند حاڵەتێک وەک ئاوایی قارنا و قەڵاتان سەرجەمی دانیشتووان بە ئامانجی پاکسازی ئەتنیکی کوژراون.
بە پێی وتووێژی ڕزگاربووان ، هێزەکانی حکومەت سەدان کەس لە هێزەکانی پێشمەرگە کە زۆربەیان کەسانی خۆبەخش بوون، بە شێوەی خۆسەرانە و بەبێ ئەنجامدانی هەر جۆرە دادگایەک کوشتووە. لە چەند ناوچەیەک هێزەکانی حکومەت بۆ دەستبەسەردا گرتنی شارەکان کەڵکیان لە گەمارۆدانی درێژماوە و قاتی و برسی کردنی بە ئانقەستی دانیشتووان وەرگرتووە.
نمونەی تاوانە ئەنجامدراوەکان و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی :
هەر بەو جۆرەی کە ئاماژەی پێدراوە سەرەڕای ئەو هەموو تاوانەی کە ئەنجامدراوە، هیچ جۆرە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەمبارەوە ئەنجام نەدراوە و تا ئێستا هیچکام لە بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی تاوانەکان دادگایی نەکراون. بە پێی بەڵگەنامە بەردەستەکان، بەڵگەنامەکانی حزبە کوردستانیەکان، لێبوردنی نێونەتەوەیی و گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، هێزەکانیکۆماری ئیسلامی لە کوردستان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و لە چەند نمونەیەکیشدا تاوانەکانی جەنگیان ئەنجامداوە.
بەپێی ماددەی ٧ و ٨ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ، وەک گرنگترین بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی لە پێناسەکردنی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ، هێرش و هەڵسوکەوتی هێزەکانی حکومەت لەگەڵ توخمە دیاریکراوەکانی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگدا یەکدەگرێتەوە.
سەرەڕای ئەمەش هەموو ئەو فەرماندە و هێزانەی کە لە شەڕی کوردستاندا ئامادە بوون بە کەڵک وەرگرتن لە کولتووری پارێزبەندی یاسایی و هەر جۆرە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیەک، لە ساڵانی دوای شەڕەکەدا پۆستی باڵای حکومی و سەربازی و تەنانەت دیپلۆماسییان بەدەستهێناوە.
داواکاری بۆ دانپێدانانی یاسایی و پێکهێنانی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان
فیتوای جیهادی ئایەتوڵڵا و خومەینی و تاوانە ئەنجامدراوەکان لە کوردستان تا ئێستا نە بە شێوەی فەرمی و نە تەنانەت لە لایەن ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی کۆماری ئیسلامیەوە، دانیپێدانانی یاسایی بۆ ئەنجام نەدراوە و مەحکوم نەکراوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای دانپێدانانی یاسایی بەو تاوانانە دەکات کە لە دوای فەتوای جیهادی ئایەتوڵڵا خومەینی لە کوردستان ئەنجامدراون، هەروەها داوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بۆ بەڵگەنامە کردن و ڕەوانەکردنی ئەم دۆسیەیە بۆ دەسەڵات و دادگا نێودەوڵەتییەکان دەکات. هەر لەو پێوەندییەدا دەفتەری یاسایی هانا کە لێکۆڵینەوەکانی بۆ بەڵگەنامەکردنی ئەو تاوانانە دەستیپێکردووە پێشوازی لە هەر جۆرە هاوکاری و هاوکارییەکی هاوبەش دەکات.
دەفتەری یاسایی هانا
ژنێڤ، ١٧ی ئاگۆست ٢٠٢٥