دووبارە ڕەت کرانەوەی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە بەندکراوی سیاسی لە دادگای باڵای وڵات

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی، سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە تەمەن ۲٥ساڵ، بەندکراوی سیاسی خەڵکی ورمێ، بۆ دوهەمین جار لە لایەن لقی ۳۹ لە دادگای باڵای وڵاتەوە ڕەت کراوەتەوە و دوسیەکەی بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەوانەی دادگای ئینقلابی ورمێ کراوە.

سیداد شیرزاد، یەکێک لە پارێزەرانی ئەم بەندکراوەیە ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤ ڕایگەیاندووە، سزای لەسێدارەدانی مووەکێلەکەی بۆ جاری دووهەم لەلایەن دادگای باڵاوە هەڵوەشاوەتەوە.
ئەولە لاپەڕەی ئێکسی خۆیدا ڕایگەیاند:
“سزای لە سێدارەدانی ناسر بەکرزادە بۆ جاری دووهەم هەڵوەشایەوە، ئەمڕۆ شەممە ١٠ی خەزەڵوەر، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ناسر بەکرزادە، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە من و هاوکارانم  ئەمیر ڕەئیسیان و نیهاد ئێراندوست ڕاگەیەندراوە.

لقی ٣٩ی دادگای باڵای وڵات بۆ جاری دووهەم بە هۆی کێشە و کەموکۆڕی لە لێکۆڵینەوەکان و بە لە بەرچاونەگرتنی بێتاوانی مووەکێلەکەم ئەم بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی گەڕاندەوە بۆ دادگای ئینقلابی ورمێ بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە.

ناسر بەکرزادە بۆ یەکەمجار لە مانگی خەزەڵوەری ۱٤۰۳، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ورمێەوە بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و هاوکاری لە گەڵ موساد”سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو و لە ڕێکەوتی ۲٦ی خاکەلێوەی ۱٤۰٤، لە لایەن دادگای باڵای وڵاتەوە حوکمەکە هەڵوەشێندرایەوە.

هەروەها ماوەیەک لەوە پێش بۆ دووهەمین جار لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شاهینی “بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.
ناسر بەکرزادە بۆ یەکەمجار لە ڕێکەوتی ۱٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش چەند حەوتە لێپرسینەوە، بە نوسینی بەڵێننامە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو جارێکیتر لە ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای چەند مانگێک لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پادگانی ئەلمەهدی لە ورمێ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین