جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی شەش بەندکراوی عەرەب لە بەندیخانەی سپیداری ئەهواز

هانا؛ ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤(٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥) هەواڵدەری میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری هەواڵی لە سێدارەدانی شەش بەندکراوی عەرەب بە ناوەکانی “عەلی مجدەم، محەمەدرەزا موقەدەم، موعین خەنفەری، حەبیب دریس. عەدنان غەبیشاوی و سالم موسەوی” بڵاو کردەوە.

بە پێی زانیاریەکانی هانا، ئەم بەندکراوانە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠١، لە لایەن لقی ٤ی دادگای شۆڕشی ئەهواز بە تۆمەتی “کوشتنی هێزەکانی بەسیج و ئینتیزامی و پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل” سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.

ئەم شەش زیندانیە سیاسیە عەرەبە لە دادگا تۆمەتبار کران کە لە ڕێگای ئەندامێتی لە گروپی “حرکت النضال” له کۆمەڵێک کاری جیاجیادا دوو بەسیجیان بە ناوەکانی عەلی ساڵح مەجد و یونس بەحر لە ئابادان، یەکێک لە کارمەندانی هێزی ئینتیزامی بە ناوی ئەڵڵا نەزەر سەفەری و سەربازێک بە ناوی محەمەدڕەزا رەفیعی نەسەبیان لە بەندەری ئیمام خومەینی کوشتووە.

ئەم زیندانیانە لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١، لە ژێر ئەشکەنجەی قورسدا ناچار کران دانبنێن بە “جێبەجێ کردنی دراو و حەواڵە لە ڕێگای بانکە بیانەکانەوە و هێرشی چەکداری” و پەیوەندی لەگەڵ جەریانی سیاسی حرکە النصال. بنەماڵەکانیان چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە دانپێدانانەکان لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا وەرگیراون و ساختەن.

شایانی باسە پڕۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەی ئەم شەش بەندکراوەیە نادادپەروەرانە بووە و مافی وەرگرتنی ئازادنەی پارێزەریان لێ زەوت کراوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین