بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، عەلی (محەمەد) بەرزنجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی سەربەخۆی خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری هەولێر لە هەلومەرجێکی گوماناویدا بێسەروشوێن بووە. سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، هیچ زانیارییەکی فەرمی پشتڕاستکراوە و متمانەپێکراو سەبارەت بە چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
بەردەوامی بێئاگایی تەواو لە دۆخی ئەم هاووڵاتییە، لەگەڵ نەبوونی هیچ لێپرسینەوەیەکی فەرمی، نیگەرانی جددی لەبارەی سەلامەتی و تەندروستی جەستەیی و دەروونی و مەترسی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی دیکەی لێکەوتووەتەوە. لە ڕووی یاساییەوە ئەم دیارنەمانە و نەبوونی هیچ لێپرسینەوەیەک، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ، بە یەکێک لە توندترین جۆرەکانی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دادەنرێت، چونکە هاوکات پێشێلکردنی مافی ئازادی، مافی ئاسایشی کەسی، مافی کەسایەتی یاسایی و لە هەندێک حاڵەتدا مافی ژیان و قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان و مامەڵەکردن یان سزای دڕندانە، نامرۆڤانە یان ڕیسواکردن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە هۆشداریدان لە مەترسییە جددییەکانی بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، داوای هەنگاوی خێرا و سەربەخۆ و کاریگەر و شەفاف دەکات لەلایەن دەسەڵاتی پەیوەندیدارەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووس و شوێنی نیشتەجێبوونی عەلی (محەممەد) بەرزنجی و گەرەنتیکردنی دەستڕاگەیشتن بە پاراستنی یاسایی، و بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەی بکات.
