بریندار بوونی چوار منداڵ لە دیواندەرە بە هۆی تەقینەوەی مین

بە پێی زانیاریەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ۷ی خەرمانانی ۱۴۰۴، بە هۆی تەقینەوەی مینی چێندراو لە سایلۆیەکدا کە دەکەوێتە سەر شەقامی ۱٦میتری شاری دیواندەرە چوار منداڵ بە ناوەکانی سامی و مانی جەلالی، کیانوش و موبین خوسرەوی بریندار بوون.

هانا زانیویەتی دۆخی تەندروستی دوو لەم منداڵانە کە ئێستا لە نەخۆشخانەی خومەینی دیواندەرە خەوێندراون ناجێگیرە.

شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی ئێران  تا ئێستا کۆنواسیۆنی ئەتاوا (پەیماننامەی قەدەغەکردنی بەکارهێنان، کۆکردنەوە، بەرهەمهێنان و گواستنەوەی مینە دژە مرۆییەکان)ی واژۆ نەکردووە و نەچوەتە پاڵ ئەم ڕێککەوتنەوە.

ئەم کۆنواسیۆنە که لە ساڵی ۱۹۹۷ داڕێژراوە و لە ساڵی ۱۹۹۹، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە ئامانجی نەهێشتنی بە تەواوەتی مینە دژە مرۆییەکان لە سەرانسەری جیهاندا دروستکراوە و تا ئێستا ۱۶۵ وڵات پەیوەندییان پێوە کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان، ئێران نه تەنیا نەچووەتە پاڵ ئەم کۆنواسیۆنەوە، بەڵکو لە هەندێک لە ناوچە سنوورییەکان، به‌تایبەت لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا وەک کوردستان و ئیلام، مینی نوێی چاندووە.

ئەم دۆخە زیانێکی بەرچاوی مرۆیی لێکەوتووەتەوە؛ بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ساڵی ٢٠٢٤ لانیکەم ۱۰ کەس لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە هۆکاری تەقینەوەی  مینە چێندراوەکانی بەجێماو لە شەڕی ئێران و عراق یا مینی تازە چێندراوەکان ، کوژراو یان بریندار بوون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥وە تا ئێستا ٨ کەس بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەستداوە یان بریندار بوون.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە مینە بەجێماوەکان و تازە چێندراوەکان، مەترسین لە سەر ژیانی شارۆمەندان بە تایبەتی جووتیاران، کۆڵبەرەکان و هێزە نیزامیەکان و پێویستە دەستبەجێ ئەم ناوچەیە پاک بکرێتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین