بە پێی لێکۆڵینەوەکانی هانا ، ناتەرازی و پچڕانی بەردەوامی کارەبا لە شارەکانی کوردستان بۆتە قەیرانێک کە کاریگەری لەسەر مافەکانی شارۆمەندان بۆ بەهرەمەندبوون لە کەمترین ئاستی ژیان بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان هەبووە .
ئەم پچڕانانە کە بۆ ماوەی چەندین کاژێر لە شەو و ڕۆژدا ڕوودەدەن ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیان تێکداوە .یەکێک لە گرنگترین کاریگەرییەکانی زیادبوونی پچڕانی کارەبا ، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر مافی فێرکاری و خوێندنی منداڵانە . لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا قوتابخانەکانی شارەکانی وەک بوکان، سنە، سەقز، بانە، پیرانشار و مەریوان بە هۆی پچڕانی کارەباوە نەیانتوانیوە درێژە بە چالاکییە پەروەردەییەکان بدەن و لە زۆر حاڵەتدا داخراون . ئەم داخستنانە کە ماوەیەکی زۆرە لە هەندێک ناوچەدا بەردەوامن ، خوێندکارانیان لە خوێندن بێبەش کردووە و پرۆسەی خوێندنیان پەکخستووە .
لەم ڕووەوە بە پێی لێکۆڵینەوە ناوخۆییەکان توانای خوێندکاران لە بابەتێکی وەک بیرکاریدا (ریازی) بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە .قەیرانی وزە جگە لە بێبەشکردنی منداڵان لە خوێندن کەرتەکانی دیکەی پەکخستووە و لە بنەڕەتدا ژیانی خەڵکی لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابووری پەکخستووە .
زۆرێک لە بازرگانییە بچووک و مامناوەندەکان بەهۆی دەستنەکەوتنی کارەباوە داخراون و بەهۆی نەتوانینی دانەوەی قیست و قەرزەکانیانەوە ڕووبەڕووی ئیفلاس بوونەتەوە .ناوەندیبوونی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەهۆی بێتوانایی حکومەت لە دابینکردنی سەرچاوەی وزە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان و نەخۆشخانەکان ، لێکەوتەی دیکەی ئەم قەیرانەی وزەیە.دابینکردنی وزە کارێکی حاکمیەتیە و بە یەکێک لە کەمترین ئەرکەکانی حکومەت دادەنرێت .
لە لایەکی دیکەوە ئێران یەکێکە لە دەوڵەتانی پەیمانبەستی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٦٦ بۆ مافە ئابووری ، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ئەم پەیماننامەیە ، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەرێنی بۆ دڵنیابوون لەوەی شارۆمەندانی وڵاتەکەی لە ژیانێکی شایستە بەهرەمەند بن .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە قەیرانی دۆخی خۆشگوزەرانی شارۆمەندان لە شارەکانی کوردستان و زیادبوونی هەژاری و بێکاری ڕایدەگەیەنێت کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هێندە بە ئاشکرا ئازادییە بنەڕەتییەکانی شارۆمەندان لە کوردستان پێشێل دەکات کە پێشێلکارییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ وەک مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان ، لەبیرکراون . دەستڕاگەیشتن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی یەکێک لەو مافانەیە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە شارۆمەندانی کورد لێی بێبەشن .