بە پێی ئەو وێنانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە ، بەشێک لە مامۆستایانی حکومەتی لە مزگەوتی قبا لە سنە فتوای جیهادیان بە زمانی عەرەبی لە دژی ئیسرائیل دەرکرد (کاتی دەرکردنی ئەم فتوایە بۆ هانا پشتڕاست نەکراوەتەوە بە پێی زانیاریە سەرەتاییەکان رێکەوتی ئەگەری نوێژی هەینی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤، دەبێت ) . لە نێو ئەم مامۆستا حکومەتیانەدا کە لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردستاندا پێیان دەوترێت (جاش) ، سەید ئەحسەن حوسێنی ئیمام جومعای کاتی و بەشێک لە شۆرای حکومەتی بوونیان هەیە .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکوم کردنی دەرکردنی فتوای جیهاد کە لە بنەڕەتدا هاندەری توندوتیژیە ، ڕایدەگەینێت مێژووی مامۆستایانی کورد هەمیشە هێمای ئاشتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بووە . لەم ڕێرەوەدا بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایان کە پشتیوانیان لە بزووتنەوەی ژن ، ژیان ، ئازادی کرد لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینیەوە سزای زیندان ، دوور خستنەوە و لێسەندنەوەی جلوبەرگیان بە سەردا سەپێندرا .