بەپێی ڕاپۆرتی گەشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی دووشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤(٢٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥)مامۆستا محەمەد خزرنژاد مامۆستای ئایینی کوردی سوننە مەزەب، لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن،ژیان،ئازادی لە شاری بۆکان، دوایی کۆتایی هاتنی مەرەخەسیە ١٠ ڕۆژەکەی، بۆ بەندیخانەی سنە گەڕێندراوەتەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو بۆ یەکەمجار لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئەم مەرەخەسیەی لە ڕۆژی شەممە ٢٦ ڕەزبەری ١٤٠٤، بە دانانی بارمتەی قورس و ڕەزامەندی داواکاری گشتی سنە، پێدرابوو.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، درێژ کردنەوەی مەرەخەسیەکە گرێدراوە بە ڕچاو کردنی دۆخ و ئەو سنوورانەی لە لایەن دەسەڵاتی ئەمنی و دادوەریەوە بۆ مامۆستا دیاری کراوە بە تایبەتیش خۆبەدوور گرتن لە چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستایان و چالاکانی سوننە مەزەب.
مامۆستا خزرنژاد لە مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١، دوای پێشکەشکردنی وتار لە ڕێورەسمی ئەسپەردەکردنی یەکێک لە گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکان، لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتڵاعاتی سوپا و پاشان بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا.
ئەو دوای چەند مانگ لێپرسینەوە و ڕاگیرانی لە گرتووخانە ئەمنییەتیەکان، لە لایەن دادگای شۆڕشەوە سزای سێدارە و ١٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا و ئەم حوکمە دوای ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵک و گوشاری بیروڕای گشتی بۆ ٢٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.
شایانی باسە ئەم مامۆستا سوننە مەزەبە کوردە، لەو کەسانەیە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە هۆکاری هەڵوێستە ڕەخنەگرانە و چالاکیە ئایینی و کۆمەڵایەتیەکانیەوە لە بارودۆخێکی سەختدا لە بەندیخانە ڕاگیراوە.
