بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی هەینی ٢٧ی پوشپەڕی ١٤٠٤، قادر رەسوڵپور ، زیندانی سیاسی کورد ، خەڵکی مەهاباد ، لە کۆتا ڕۆژەکانی بە سەربردنی ماوەی سزاکەی ، بە شێوەی گوماناوی لە زیندانی مەهاباد گیانی لە دەستداوە .
بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ بنەماڵەی ئەم زیندانیە ، بۆ بەرەوپیری چوونی ئامادە دەبوون کە لە ناکاو هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەویان پێگەیشتووە .
بەرپرسیانی زیندان بە بنەماڵەس ڕەسوڵپوریان وتووە کە ئەو لە کاتی حەمام کردن توشی تەشەنوج بووە و گیانی لە دەستداوە ، بنەماڵە و کەسوکاری ئەم ئیدیعا ڕەت دەکەنەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەو پێشینەی هیچ جۆرە نەخۆشی و کێشەیەکی جەستەیی نەبووە .
بەم زیندانیە تەمەن ٥٣ ساڵانە تەنها دوو ڕۆژ پێش مەرگی ، چاوی بە بنەماڵەکەی کەوتووە و بەوانی ڕاگەیاندووە کە بڕیارە ڕۆژی هەینی ئازاد بکرێت .
تەرمەکەی ئەو بۆ دەستنیشاندکردنی هۆکاری مەرگی بۆ پزشکی دادوەری ورمێ ڕاگوێزراوە بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی فەرمی سەبارەت بە هۆکاری مەرگی ڕانەگینراوە .
قادر ڕەسوڵپور پێشینەی ئەندامێتی لە حزبی کۆمەڵەی لە دەهەی ١٣٦٠ی بووە و پێشتریش لە مەودانی ساڵەکانی ١٣٦٣ تا ١٣٦٩، بۆ ماوەی شەش ساڵ لە زیندان بووە .
ئەو لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٣، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر لە لقێکی دادگای شۆڕش بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە شەش مانگ زیندانی تەعزیری سزا درابوو .
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی لە ئاست گیانلەدەستدانی گوماناوی ئەم زیندانیە سیاسیە ، داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە ، ڕونکردنەوەی هۆکاری مەرگ و وڵامداناوەی بەرپرسانی زیندان و دامودەزگا دادوەریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات .