بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٥ی دیسامبری ٢٠٢٥) کرێکارێک بە ناوی ئەبوبەکر بەرایی تەمەن ٥٢ ساڵ، خێزاندار، باوکی منداڵێک، خەڵکی ئاوایی “گوێک تەپە”ی سەر بە شاری مەهاباد، بە هۆی ڕووداوی کار گیانی لە دەستداوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوبراو لە کاتی کار کردن لە کانگایەکی مەهاباد، بە هۆی ڕژانی بەرد بە سەریدا بە سەختی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزاوە بەڵام بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەستداوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە ئاماژەدان بە پابەندبوونەکانی حکومەتی ئێران بە مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و یاسا ناوخۆییەکان، کرێکاران مافی بەهرەمەندبوون لە بارودۆخی کاری پارێزراو ستاندارد و مرۆییان هەیە.
پاراستنی ژیان و تەندروستی کرێکاران بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی خاوەنکار و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانە و حکومەت پابەندە بە دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بنەماکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی لە ڕێگەی چاودێری کاریگەرەوە.
بەردەوامبوونی ڕووداوە پیشەییە کوشندەکان لە ئێراندا ئاماژەیە بۆ لاوازییەکی جددی لە پابەندبوون بە پێوەرەکانی سەلامەتی، نەبوونی چاوەدێرییەکی گونجاو و بێبایەخکردنی پێکهاتەیی بە مافی ژیان و ئاسایشی کرێکاران کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە بنەڕەتییەکانیانە.
