بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە : سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٤، چیاکۆ یوسف نژاد ، چالاکی ژینگە پارێزی خەڵکی سنە ، بە هۆی سەختی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی لە دەستداوە .
چیاکۆ یوسفی نژاد ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژ ، لە کاتی هەوڵدانی بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە بەرزاییەکانی شاخی ئاویەر جەستەی بە سەختی سوتا و بۆ بەشی چەوەدێری چڕی نەخۆشخانە ڕاگوێزرا بەڵام وێڕای هەوڵی زۆری کادری دەرمان و پزیشکەکان ، دوای سێ ڕۆژ گیانی لە دەستدا .
ئەو لە کەسە دڵسۆز و چالاکەکانی بواری ژینگەیی لە پارێزگای سنە بوو کە بە شێوەی خۆبەخشانە لە بواری سەرچاوە سروشتیەکان ، ڕووبەڕوو بوونەوە تێکدانی ژینگە و ئاگر کوژاندنەوە چالاکی دەکرد .