گیانلەدەستدانی عەبدولهادی شێخەپور بەندکراوی کورد بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە بەندیخانەی مەهاباد

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مروڤی هانا: ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٤ی دیسامبری ٢٠٢٥) بەندکراوێکی کورد بە ناوی عەبدولهادی شێخەپور، بە هۆی وەستانی دڵی لە بەندیخانەی ناوەندی مەهاباد گیانی لە دەستداوە.

عەبدولهادی شێخەپور خێزاندار، باوکی دوو منداڵ، خەڵکی ئاوایی “کۆسەسفڵی” و دانیشتوویی شاری سەردەشت بوو.

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، ئەم بەندکراوەیە لە ڕۆژانی کۆتایی ژیانیدا چەندین جار بە هۆی ئازاری سنگی سەردانی نەخۆشخانەی بەندیخانەی کربوو بەڵام بەبێ پشکنینی پێویست و تایبەت، بۆ ناو بەند گەڕێندرابووەوە.

شایانی باسە ناوبراو نزیک ١٣ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە “مادە هۆشبەرەکان” و بابەتی دارایی دەستبەسەر و سزای بەندکرانی بە سەردا سەپێندرابوو.

بە پێی مادەکانی ٢٢ و ٢٩ی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها مادەی ١٠٢ی پەیڕەوی جێبەجێکاری ڕێکخراوی بەندیخانەکان، پاراستنی گیانی بەندکراوان و دەستبەجێ دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان ئەرکی یاسایی بەرپرسانی بەندیخانەیە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەبوونی چاودێری پزیشکی کاریگەر پێشێلکردنی مافی ژیانە بەپێی مادەی شەشەمی پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و دەتوانێت مامەڵەی نامرۆڤانە بەپێی مادەی حەوتەمی هەمان پەیماننامە پێکبهێنێت.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی دەکرا ڕێگری لە مردنی ئەو بەندکراوەیە بکرێت و بەرپرسان لەمبارەوە کەمتەرخەم بوون، ئەم دۆسیەیە بەرپرسیارێتی تاوانکاری و کارگێڕی و مەدەنی بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین