گیانلەدەستدانی سێ کرێکار لە شنۆ، سەقز و بۆکان بە هۆی ڕووداوی کار

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: لە ڕۆژانی ڕابردوو سێ کرێکاری بیناسازی لە شارەکانی سەقز، شنۆ و بۆکان بە هۆکاری نەبوونی ستانداردەکانی ئیمەنی لە شوێنی کار گیانیان لە دەستداوە.

ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤(٣٠ سپتامبەری ٢٠٢٥) جواد بەهرامی تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی عەبدولرەحمان، خێزاندار ، خەڵکی سەقز، لە کاتی کار لە بینایەک لە فازی دوویی فەرهەنگیانی ئەم شارە، بە هۆی بەربوونەوە لە کاناڵی هەشت مەتری ئاسانسۆڕ گیانی لە دەستدا.

پێشتر لە ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر محەمەد عەبدوڵڵاپور تەمەن ٥٣ ساڵ، خێزاندار، باوکی سێ منداڵ، خەڵکی شنۆ، بە هۆی تەزوویی کارەباوە لە شوێنی کارەکەی گیانی لە دەستدا.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر کەمال عەزیزی، خەڵکی بۆکان کە نزیک دوو مانگ لەمەوبەر بە هۆی بەربوونەوەی لە داربەست توشی زەبەی مەغزی بوو، لە نەخۆشخانەیەکی تەورێز گیانی لە دەستداوە.

کەمال عەزیزی خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو.

شایانی باسە نەبوونی کەل و پەلی ستاندارد و کەمتر خەمی خاوەن کارەکان و دامەزراوە چاوەدێرەکان، ساڵانە بریندار بوون و گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو کرێکاری لێدەکەوێتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین