بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بەندکراوی سیاسی ئەنوەر چالشی دانیشتووی گوندی لۆرزینی مێرگەوەر کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بوو ، بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە و نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە لە نەخۆشخانەی خومەینی ورمێ گیانی لەدەستداوە .
ئەنوەر چالشی لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەی سیاسی بە ناوی “کامیل سەیدا مەسکان” لە سەرماوەزی ١٣٩٩ ، لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کران . ئەم دوو بەندکراوەیە چەندین مانگ بە توندی ئەشکەنجەی دەرونی و جەستەیی کران . ئەشکەنجەدانەکە ئەوەندە توند بوو کە قاچەکانیان بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام خوێنی لێدەهات .
ئەم دوو بەندکراوە دوای چەند مانگێک لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدان لە ناوەندە ئەمنییەکان هەریەکەیان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی “هەوڵدانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئێران” بە ٧ ساڵ بەندکران سزا دران .
ئەنوەر چالشی لە بەندیخانەدا تووشی شێرپەنجە بووە. سەرەڕای تێکچوونی باری جەستەیی ئیتڵاعاتی سوپا بۆ ماوەی ساڵێک ڕێگەی نەدا ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت . کاتێک نەخۆشیەکەی گەیشتە قۆناغێکی توند و ژیانی کەوتە مەترسییەوە دواجار گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشکی دروست و ئەشکەنجەدانی درێژخایەن، بەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا .
ئەنوەر چالشی دوو منداڵی هەبوو کە یەکێکیان نەخۆشی سەندرۆمی داونی هەیە . ئەم بنەماڵەیە لە بواری داراییەوە زۆر هەژارن و دوای مردنی ئەم بەندکراوە سیاسییە تووشی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی زیادە دەبن .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ، کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاستەوخۆ بە بەرپرسیاری مەرگی ئەم بەندکروە سیاسییە دەزانێت و داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی بەندکراوانی سیاسی دەکات ، کۆماری ئیسلامی بخەنە ژێر گوشاری دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی کۆتایی بە سەرکوت ، ئەشکەنجەدان و بێبەشکردنی بەندکراوانی سیاسی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بهێنێت .