بە پێی ڕاگەیندراوی فەرمی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئێوارەی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ (١٨ی فوریەی ٢٠٢٦) ئۆتۆمبێلێکی ئەم حزبە لە جاددەی سلێمانی- دوکان لە نزیک کەڵوانان تەقیوەتەوە. لەم ڕووداوەدا “سەعید(هێرش) رەنجبەر” پێشمەرگەی ئەم حزبە گیانی لە دەستداوە و یەکێکیتر لە پێشمەرگەکان بە ناوی ئارام بەهرامی بریندار بووە.
بە پێی ڕاگەیندراوەکە، ئاسایشی سلێمانی سەرقاڵی لێکوڵینەوە لەم ڕووداوەن. هەر لەم ڕێرەوەدا سابرین نیوز کەناڵی تێلێگرامی نزیک لە سپای پاسداران ئیدیعای کردووە کە ئەم ڕووداوە هۆکارەکەی هێرشی درۆنی کۆماری ئیسلامی بووە. ئەم ئیدیعایە تا ئێستا لە لایەن هیچ بەرپرسێکی فەرمیەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە کەڵک وەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە درۆن پێشێلکاری مافی ژیانە و بەردەوام کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییدا بە هۆکاری بەرهەم هێنان و بەکارهێنانی درۆن ڕەخنەی لێگیراوە و سەرکۆنە کراوە.
بەم پێیە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە، سەربەخۆ و ڕوون لە لایەن بەرپرسانی هەرێم و بڵاو کردنەوە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکات.
