ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە، لە خۆپئشاندانەکانی رۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، یاسین میرزایی قەڵازنجیری، کوڕی محەممەد عەلی و لە شارۆمەندانی کوردی سەر بە ئایینی یارسان، لە گەڕەکی دەڕەدرێژی کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران سەری پێکراوە و لە ئاکامدا گیانی بەخت کردووە.
بەپێی راپۆرتی سەرچاوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، یاسین میرزایی قەڵازنجیری خوێندکاری زانستگای مسینا لە وڵاتی ئیتالیا بووە.
ناوبراو نزیکەی سێ ساڵ لەوەپێش بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن کۆچی کرد بۆ ئیتالیا و لەم دواییانەدا بۆ سەردانی بنەماڵەکەی گەڕابۆوە کرماشان.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای ئەوەی هاوخەمی قوڵی خۆی بۆ بنەماڵە و خزمانی ئەم گیانبەختکردووە ڕادەگەیەنێ، جەخت دەکاتەوە لە سەر پێویستیی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، ڕوون و بێلایەن لە هەمبەر هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ناڕازییان و هەروەها دادگایی فەرماندەران و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی ئەم کوشتارە.
