ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کرایەوە، ئەردەشیر زارعی ئەمەن ٤٠ ساڵ و خێزاندار و باوکی ٣ منداڵی ورد، لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان و خەڵکی ئاوایی درویت لە ناوچەی داڵاهۆ و نیشتەجێی ساوە، رۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتێکدا کە نەخۆشینی دڵی بووە، دوای سەردانی پزیشک و گەڕانەوە لە دەرمانگە، لە سەر شەقام هێزە سەرکوتگەرەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە پشتەوە تەقەیان لێ کردووە و گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی حکومەت، دوای کوشتنی ئەردەشیر زارعی، بۆ ئەوەی تەرمەکەی بدەنەوە بە بنەماڵەکەی داوای بڕی یەک میلیارد تمەنیان لە بنەماڵەکەی کردووە.
لە کۆتاییدا، بنەماڵەی ئەم شارۆمەندە ناچار بوون یەک میلیارد تمەن بدەن بە هێزە ئەمنییەکان و ڕێڕەسمی ئەسپەردەکردنی ئەردەشیر زارعی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری لە زێدی خۆی واتە ئاوایی درویت لە ناوچەی داڵاهۆ بەڕێوەدەچێ.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای نیگەرانی قوڵی خۆی لە درێژەی توندوتیژی و کوشتار و کەڵک وەرگرتن لە چەک لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دژی خەڵکی ناڕازای و بێ چەک ڕادەگەیەنێ و کوشتنی ئەردەشیر زارعی بە نموونەی ئاشکرای پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و ئەستاندنی مافی ژیان و سەرکوتی سیستماتیکی شارۆمەندان لە ئێران دەزانێ. هەروەها ڕێکخراوی هانا جەخت دەکاتەوە لە سەر پێویستیی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، ڕوون و بێلایەن لە هەمبەر هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ناڕازییان و هەروەها دادگایی فەرماندەران و بەرپرس و بەڕێوەبەرانی ئەم کوشتارە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و خزمانی ئەم گیانبەختکردووە، داوا دەکا لە کۆمەڵی نێونەتەوەیی، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و نوێنەرانی تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان فریای دۆخی نالەباری ناڕازییان، بنەماڵەی قوربانییان و بەتایبە مناڵی گیانبەختکردووانی ئەم سەرکوتە خوێناوییەی ئێران بکەون.
