کیانوش چراغی سزای زیندانیکردن و لێدانی قامچی بە سەردا سەپێندرا

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: لە ڕۆژانی ڕابردوو کیانوش چراغی شارۆمەندی خەڵکی دێهلۆڕان لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی ئەم شارە بە تۆمەتی “بڵاو کردنەوەی بابەتی ناڕاست لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان” بە ١٣ مانگ و ١٦ ڕۆژ زیندانی تەعزیری بە هەژمار کرانی ماوەی دەستبەسەر بوونی پێشووییەوە و بە تۆمەتی “بێڕێزیکردن بە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکدا” بە لێدانی ٤٠ قامچی تەعزیری سزا دراوە.

لە مەتنی سزاکەدا هاتووە کە ئەم بڕیارە لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت.

کیانوش چراغی ڕۆژی سێشەممە ٣ی پوشپەڕی ١٤٠٤، بە شێوەی خۆسەرانە لە ماڵەکەی دەستبەسەر کرابوو.

ئەو پێشتر لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بڕیاری زیندانیکردنی یەکمانگەی بە بێ ڕونکردنەوەی تۆمەتەکانی سەری و لێپرسینەوە، مانی لە خواردن گرتبوو.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا لە گرتنگەی ئیلام، بەبێ بەڕێوەچوونی پڕۆسەیەکی دادوەری ڕون، لە ژورێکدا لەگەڵ پازدە زیندانی تۆمەتبار بە قەتڵ ڕاگیرا و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستیە سەرەتاییەکان بێبەش کرابوو.

کیانوش چراغی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گوڵانی ١٤٠٤ ، دوای تێپەڕ کردنی ١٤ مانگ زیندانی هەڵپەسێردراو بە هەڵپەسێردرانی درێژەی سزاکەی لە زیندانی دەرەشار ئازاد کرابوو .
ناوبراو ڕۆژی شەممە ٥ی خاکەلێوە دوای بانگ کرانی بۆ لقی جێبەجێ کاری ئەحکامی ئەم شارە دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەی بۆ زیندانی ئیلام ڕاگوێزرا و دوای ماوەیەک لە ژێر چاوەدێری پابەندی ئەلەکترۆنیدا لەم زیندانە ئازاد کرابوو .
شایانی باسە لە رێکەوتی ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ، لقی ٦ی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئیلام حوکمی هەڵوەشاندنەوەی پابەندی ئەلەکترۆنی کیانوش چراغی دەرکرد .
ناوبراو پێشتر لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ ، لە لایەن لقی دوویی دادگای شۆڕشی ئیلامی جێگیر لە دێهلۆران بە سەرۆکایەتی قازی “سەید رەزا سەڵاحەدینی” بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت” بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم و لە بەشی دیکەی دۆسیەکەی لە رێکەوتی “١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢” بە تۆمەتی “بڵاو کردنەوەی زانیاری ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی بیری گشتی لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان” لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری دووی دێهلۆران بە سەرۆکایەتی قازی “حسێن پەناهی” بە دوو ساڵ زیندانی و نوسینی ٢٠٠ لاپەڕە وەسییەت نامە و توێژینەوە (تەحقیق) سەبارەت بە دە کەس لە کوژراوانی شەڕی  ئێران و عێراق بە خەتی خۆیی کە لە لایەن دامەزراوەی دیفاعی موقەدەسی پارێزگای ئیلامەوە پشتڕاست کرابێتەوە ، مەحکوم کرا .
کیانوش چراغی کارمەندی پێشووی ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە رێکەوتی “١١ی رەزبەری ١٤٠٢” لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە لە دێهلۆران دەستبەسەر و پاش کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە تا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین