بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: شەوی یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤، کۆڵبەرێک بە ناوی رەحمان رەسوڵزادە، خێزاندار، خەڵکی شاری بانە، لە سنووری هەنگەژاڵی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەستداوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ هێزەکانی حکومەت بە چەکی دۆشکا تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد؛ تەرمی کۆڵبەرەکە بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدین ئەیوبی بانە ڕاگوێزراوە.
دیاردەی کۆڵبەری لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی هەلی کار و جیاکاری سیستماتیک لەم ناوچەیە بووەتە کارێکی ڕۆژانە بۆ دەستخستنی بژیوی ژیان ، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆژانە لە سنوورەکان هێرش دەکەنە سەر کۆڵبەران و بە تەقەی ڕاستەوخۆ زیانیان پێدەگەینن.