کوژرانی محەمەد مەتین باقری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان لە کرماشان

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی محەمەد مەتین باقری کوڕی وەحید، خەڵکی کرماشان، لە ناوچەی مەسکەنی ئەم شارە و هاوکات لەگەڵ بەشداری لە خۆپێشاندانەکان لە کاتێکدا دروشمی مەرگ بۆ خامنەیی دەوتەوە، لە لایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنیەکانەوە تەقەی لێکرا و وێڕای بریندار بوونی لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەرکرا و دواتر بە هۆی خوێنبەربوون لە ئۆتۆمبێلدا گیانی لە دەستدا.

بە گوتەی سەچاوەکانی هانا و بەشێک لەو دەستبەسەرکراوانەی لەگەڵ ئەو بوون، ئەم منداڵە تەمەن ١٦ ساڵە لە ڕێگای ڕاگوێزانی لە ئۆتۆمبێلدا گیانی لە دەستداوە و هێزە جلوبەرگ مەدەنیەکان تەرمەکەیان لە سەر شەقام بەجێهێشتووە.

دوای ئەم ڕووداوە دامودەزگا ئەمنییەکان و سوپای پاسداران بە گوشار و هەڕەشە بنەماڵەکەیان ناچار بە بێدەنگی کردووە و هەڕەشەیان لێکردوون کە ئەگەر میدیاکان ئاگادار بکەنەوە براکەی کە تەمەنی ١٠ ساڵە دەستبەسەر دەکەن.

شایانی باسە تەرمی محەمەد مەتین باقری لە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ژێر چاوەدێری توندی ئەمنی ئەسپەردە کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە توندی ئەم کارە ئەحکوم دەکات و بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان و دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەکارهێنانی هێزی نایاسایی دژی منداڵانی دەزانێت و داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و شەفاف و بێلایەنانە لەم کوشتنە و ناسینەوە و لێپرسینەوە لە تاوانباران و کۆتاییهێنان بە فشارەکان لەسەر بنەماڵەی قوربانییەکە دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین