رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە شەوی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی عەلی عەباسی کوڕی شیرین و فەریبۆرز خەڵکی شارستانی گیلانغەرب، لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاران کوژراوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو بە هۆی بەرکەوتنی فیشەک لە بەشی سەرەوەی گورچیلەی گیانی لە دەستداوە و تەرمەکەی دوای پڕۆسەیەکی ناڕوون لەگەڵ گوشارە ئەمنییەکان، لە بری وەرگرتنی ٧٠٠ ملیۆن تمەن لە بنەماڵەکەی ڕادەست کراوە.
شایانی باسە، تەرمی عەلی عەباسی ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانبار، لە ئاوایی ئەوەڵویاری سەر بە شارستانی گیلانغەرب، لە کەشی ئەمنی و لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئیتڵاعات، جلوبەرگ مەدەنی و سوپای پاسداران ئەسپەردە کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەو حاڵەتانە بە نموونەی پێشێلکاریی جددی مافی بنەڕەتی ژیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی لە دژی خۆپیشاندەران، نەبوونی شەفافیەت لە ڕەوەندی دەرمان و ڕاگرتنی تەرمی قوربانی و سەپاندنی فشاری ئەمنی بەسەر بنەماڵە و سنووردارکردنی ڕێوڕەسمی پرسە و نەبوونی هیچ پرۆسەیەکی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوەی کۆتایی و لێپرسینەوە لەم دۆسیەیەدا لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە.
