بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: شەوی شەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە شاری سەقز چەکدارێک بە ناوی “ا.غ” دوای هەوڵدانی بۆ دەستدرێژی کردنە سەر ژنێک، نارنجەکێکی خستووەتە ناو ماڵێک کە کوژرانی هاوسەر و خزمێکی ئەم ژنەی لێکەوتووەتەوە.
بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، “ا.غ” لە هێزەکانی جاشی ناوچەکەیە کە بە کەڵک وەرگرتن لە پێگەکەی و بە بەکارهێنانی چەک هەوڵی دەستدرێژی کردنە سەر ژنێکی خێزانداری داوە. هاوسەری ژنەکە بە مەبەستی پاراستنی ئەو بۆ ماڵی خزمێکیان دەگوازێتەوە لەگەڵ ئەمەش کەسە ئاماژە پێدراوەکە، لە کاتی دۆزینەوەیان وێڕای شەڕ کردن لەگەڵ هاوسەرەکە و بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەکە، نارنجەکێک دەخاتە ناو ماڵەکە و دوو کەس دەکوژێت.
تا ئێستا ناسنامەی کوژراوەکان خالد موتەهەر(هاوسەر) و یاسین کەریمی تەمەن ١٧ ساڵ و لە خزمەکانی بنەماڵەکە ڕاگەیندراوە.
شایانی باسە تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە وردەکاری زیاتر لە سەر ئەم ڕووداوە بڵاو نەبووەتەوە. رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای مەحکوم کردنی ئەم قەتڵە و نەبوونی ئاسایشی ژنان لە کۆمەڵگا، لەئاست چەکدار کردنی هێزەکانی “جاش” لە ناوچەکە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە نیگەرانی قوڵی دەردەبڕێت.
جاش لە ئەدەبیاتی سیاسی و یاسایی کوردستاندا ئاماژەیە بۆ ئەو کەسانەی کە لە دژی ئایدیاڵە ئازادیخوازەکانی “نەتەوەی کورد” لەگەڵ حکومەتی ناوەندی هاوکاری دەکەن.
